کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی بڕیاری داوە كە هێزە چەكدارەكانی وڵاتەكەی ئامادەیی نیزامیان هەبێ

14:19 - 31 خاکەلێوه 2715

عەلی خامنەیی داوای لە هێزە چەكدارەكانی ئێران كردوە كە ئامادەیی نیزامی خۆیان بەرزبكەنەوە. ناوبراو ئەم بڕیارەی خۆی بە ڕەسمی بە ناوەندە نیزامییەكان ڕاگەیاند. ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی یەكشەممە ٣٠ خاكەلێوە لە چاوپێكەوتنێك لەگەڵ كۆمەڵێك لە فەرماندە و كارمەندانی ئەرتەش، داوای كرد كە توانی بەرگری و چەكوچۆڵ و ئامادەیی ڕووحی بەزر بكەنەوە. ئەم بڕیارەی عەلی خامنەیی كاردانەوە به‌ قسەكانی چەند ڕۆژ لەوەپێشی ژێنراڵ مارتین دمپسی، سەرۆكی ستادی هاوبەشی ئەرتەشی ئامریكا بووە كە گوتبووی بژێرەی نیزامی بۆ ڕێگرتن له‌ ئێران له‌ ده‌ستخستنی چەكی ناوكی هەروا لەسەر مێزی ئامریكایە. لە سەرەتای هاتنەسەر كاری حەسەن ڕۆحانی‌و دەسپێكی وتووێژی ناوكی لە نێوان ئێران و گرووپی ١+٥، كاربەدەستانی ئامریكای چی دیكە باسیان له‌ بژێرەی نیزامی بۆ دەستڕانەگەیشتنی ئێران بە چەكی ناوكی نەدەكردو ئاماژەی دووبارەی سەرۆكی ستادی هاوبەشی ئەرتەشی ئامریكا بەم بابەتە لە كاتێك دابوو كە ولادیمیر پوتین بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی قەدەغەكرانی مووشەكی ئێس ٣٠٠ی هەڵوەشاندەوە. ژێنراڵ دمپسی لە كاردانەوە به‌م بڕیارەی ڕووسیە، ڕێبەی ئێرانی وریا كردەوە كە وەرگرتنی مووشەكی ئێس ٣٠٠ لە ڕووسیە كاریگەریی لەسەر بژێرەی نیزامیی ئامریكا نابێ بەڵام خامنەیی قسەكانی سەرۆكی ستادی هاوبەشی ئەرتەشی ئامریكای بە لێدوانێکی گه‌مژانه‌ ناو بردو ڕوو بە هێزە چەكدارەكانی وڵاتەكەی گوتی هەموو دامودەزگا بەرگریی و نیزامییەكان لە ئەرتەشەوە بگرە تا سپا دەبێ ئامادەیی نیزامی‌و ڕووحیی تەواویان هەبێ و ئەمە ده‌ستووری ڕەسمیی ناوبراوه‌.