کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێکگەیشتنی لۆزان و بەشی ئێران

14:42 - 31 خاکەلێوه 2715

کاتژمێرێک دوای ئەوەی وڵاتانی پێنج کۆیەک و کۆماری ئیسلامی ئێران لە لۆزان نەخشەرێگەی گەیشتن بەرێکەوتنی ئەتۆمیان واژۆکرد، لێکدانەوە جیاوازەکانی هەردوو لای دانووستاندنەکان دەرکەوتن. سەرۆکۆماری ئەمریکا باراک ئۆباما لەبەردەم کۆشکی سپی رایگەیاند کە سەرجەم بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دادەخرێن، و لابردنی گەمارۆکانیش هەنگاوبەهەنگاو دەبێت، بەڵام لەتاران رۆحانی بەتەلەفزیۆنی دەوڵەتی راگەیاند کە پیتاندیۆمی یۆرانیۆم خاو دەبێتەوە، بەڵام ناوەستێت، و دەبێ هەموو گەمارۆکانیش لەسەر ئێران لابچێت. بەڵام لەراستیدا ئەوەی لەنەخشەرێگەکەدا هاتووەو، هەردوو لایەنیش واژۆیان لەسەر کردووە، بەمشێوەیە کە هەتا دوا وادەی گفتوگۆکان لەهاوینی ئەمساڵدا دەبێ کۆماری ئیسلامی ئێران سەرجەم داواکانی وڵاتانی رۆژئاوا جێبەجێ بکات، جا ئەوکات گەمارۆی یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێی پێشڤەچوونی بەڵێنەکانی ئێران لادەچێت، و گەمارۆکانی کۆنگرەی ئەمریکاش وەکوو خۆی دەمێنێتەوە. لەو سیناریۆیەدا دەردەکەوێت، کە وەفدی دانووستاندکاری کۆماری ئیسلامی ئێران پاشەکشەیەکی گەورەی کردووە، بەڵام بۆ رازیکردنی تووندرەوەکانی ناو سیستەم خوێندنەوەی دیکەیان بۆ مەسەلەکە کرد، ئەو دڵخۆشییەک زۆری نەبرد، و ئەمریکا ١٠ رۆژ دوای دانیشتنەکانی لۆزان گەمارۆی خستە سەر بانکێکی دیکەی ئێرانیش. ئەوەش بۆ ئەوە بوو کە هۆشداری بدەنە بەرپرسانی ئێران کە لەدڵخۆشکردنی خەڵک و فڕیودانیان زێدەرۆیی نەکەن. کەواتە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆچی ئامادەبوو ئەو ماراسۆنە دیپلۆماسییە قبووڵ بکات؟ یەکەم هۆکار ئەوەیە کە هیچ پارەیەکی جیهانی (ئەرز) وەکوو دۆلارو یۆرۆ نەدەهاتە ناو سنوورەکانی ئێران، و زیاتر لەساڵێک بوو تەنیا تمەن سووری بانکی ناوخۆی دەکرد، هاوکات تەنیا چین و هەندێک وڵاتی بچووکی دیکە نەوتیان لە ئێران دەکڕی و دوای ئەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەڕەشەی لەچین کرد، ئەویش پاشگەز بووەوە، هاوکات لەلایەکی دیکەشەوە رێگەی هاتنی کەرەستەی پێویست بە دروستکردن یان نۆژەنکردنەوەی کەشتی و فرۆکە و تەنانەت ئۆتۆمبێلیش لەئێران گیرا، ئەوەش واتای ئیفلیجکردنی پیشەسازی و لەسەرووی هەمووشیانەوە پیشەسازی دروستکردنی چەک لەئێران بوو. کەواتا لابردنی گەمارۆکان و ئەو پاشەکشەیەی ئێران کردوویەتی، لەپێناو خەڵکی ناوخۆی نییە، بەڵکو یەکەم بۆ رەواندنەوەی هێرش لەسەری و، دواتریش بۆ وەرگرتنەوەی پارە بلۆککراوەکانی و هاتنی کەرەستەو ئامێری پیشەسازی چەکی سووک و قوورسییەتی. زۆر روون و ئاشکرایە کە دۆلارو چەک نەبوو، ئێرانیش لەناوچەدا گۆشەگیر دەبێت و ، ناتوانێ بەرنامەکانی لەسوریا و عێراق و لوبنان و یەمەن جێبەجێ بکات، و لەماوەی رابردوودا ئێران ٤ ملیار دۆلاری بە پارەی تمەن بە سوریا داوە، بۆ ئەوەی ئەوان پارەکە بگۆرنەوە، ئەوەش واتای زەرەرێکی یەکجا گەورە دەگەیەنێت. بەڵام ئایا وڵاتانی پێنج کۆ یەک ئەو دەرگایانەیان بەتەواوەتی لە کۆماری ئیسلامی ئێران کردۆتەوە؟ ئەگەر زۆر بەهاکەزاییش سەیری بکەین، دەزانین کە گۆلێکی گەورە لەئێران کراوە. چۆن؟ بەرلەهەموو شتێک بانکی ناوەندی ئەمریکا بەپێچەوانەی لێدوانەکانی ناوخۆی ئێران رایگەیاندووە کە گەمارۆکان هەنگاو بەهەنگاو هەڵدەگیرێن، واتا هەنگاوێک لەئێران و هەنگاوێک لەوان. ئەوە مانای ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێ واز لەو رێژە لە سانتریفیوژ و پلۆتنیۆمەکەی بهێنێت، و لابردنی هەموو گەمارۆکان پەیوەستە بە هەڵگرتنی هەموو ئەو هەنگاوانەی وەفدی ئێرانی بەڵێنی داوە. ئەوەش چەککردنی ئێرانەو هەرگیز نابێتە خاوەن چەکی ئەتۆم. کەواتا جێبەجێکردنی رێکەوتنەکە زیاتر لە ٢٠ ساڵ ئێران لەچەکی ئەتۆم دوور دەکاتەوە. ئێران لەسیاسەتی نێودەوڵەتی بەردەوام بەدوو باڵ کایەی کردووە، لەلایەک ترساندنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەچەکی ئەتۆمی و دووەمیش دەستێوەردان لەوڵاتانی ناوچەو بەرفراوانکردنی هەژموونی سیاسی-مەزهەبی خۆی. بەڵام هاوتەریب لەگەڵ گفتوگۆکانی لۆزان سعودیا و هاوپەیمانە عەرەبەکانی هێرشیان بۆ سەر حوسییەکانی یەمەن دەستپێکردو، حەماسیش لەفلەستین لێدوانی دژە ئێرانی دەدەن،و لەعێراقیش بینیمان لە تکریت هەتا فرۆکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان هەڵنەستان، حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بەیارمەتی سوپای پاسدارانیش توانای جولەیان نەبوو. هاوپەیمانە دوورەپەرێزەکەی ئێران واتا بەشار ئەسەدیش دەسەڵاتی بەسەر زیاتر لە دوو لەسەر سێی سوریادا ناشکێت. کەواتا کۆماری ئیسلامی ئێران لەناوچەشدا هاوتەریب لەگەڵ پرسی ئەتۆمی چەککراوە. زڵهێزانی جیهان تارادەیەک پێگەی ئێرانیان لەناوچەدا لاواز کردووە، کە ئەفغانستانی دراوسێ لاوازەکەی ئێرانیش پشتگیری لەسعودیا بۆ لێدانی حوسییەکان دەکات! ئەگەر ر‌ێکەوتنامەکەی لۆزان هەتا هاوینی ئەمساڵ کەدوا وادەیە، جێبەجێبکرێت، هەردوو باڵی ئەتۆمی و هەژموونی ناوچەیی ئێران دەقرتێت. ئەوەش دۆڕانێکی مێژووییە و ئاشبەتالێکی سیاسیی گەورەیە