کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فرۆشی ڕۆژانەی ٢٠٠ میلیارد تمەن ماددەی هۆشبەر لە ئێران

14:57 - 1 بانەمەڕ 2715

ڕۆژانە لە ئێران بەبڕی ٢٠٠ میلیارد تمەن جۆرەها ماددەی هۆشبەر دەکڕدرێ‌و دەفرۆشرێ. عەلیرەزا جەزینی، قائیم‌مەقامی ستادی بەربەرەکانی لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەوەی ڕۆژانە بایی ٢٠٠ میلیارد تمەن ماددەی هۆشبەر لە ئێران دەستاودەست دەکرێ، گوتی ساڵی رابردوو٢٧٤٧ توشبووی مادەی هۆشبەر گیانیان لە دەست داوە کە لە چاو ساڵی ڕابردوو سەدی ٢ زیادی کردوە. قائیم‌مەقامی ستادی بەربەرەکانی لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان دەڵێ ئەو ئامارە لەلایەن پزیشکی دادوەرییەوە ڕاگەیەندراوە و ئەوەی پی زیاد دەکا کە ٢٤٦٨ کەس لەو قوربانییانە پیاو بوون و ٢٧٩ کەس لەوان ژن بوون کە ئاماری مەرگی ژنان لە چاو ساڵی پێشتر سەدی٣٣ چۆتە سەرێ. عەلیرەزا جەزینی هەروەها ئاماژەی بە دەستبەسەرداگرتنی ٥٥٥ تۆن لە هەموو جۆرەکانی ماددەی هۆشبەر لە ساڵی ٩٣ دا کردوە و دەڵێ سەدی ٧٨ ی ئەو ماددانەی دەستیان بەسەرداگیراوە تریاک، سەدی١٤ ی حەشیش، سەدی ٥ ی هێرۆئین‌و کەمتر لە سەدی١ ی شیشە بووە. ناوبراو بێ ئەوەی ئاماژە بە ئاماری وردو دەقیقی موعتادەکان لە ئێران بکا بەڵام نیگەرانیی خۆی لە پەرەسەندنی گواستنەوەی هەندی نەخۆشیی وەک ئایدزو هێپاتت دەربڕیوە و تیشکت خستۆتە سەر ئەوەی گواستنەوەی ئەو نەخۆشییانە لە ڕێگەی پێوەندییە جینسییەکانەوە لە سەدی ١٢ ڕا بۆ سەدی ٣٦ زیادی کردوە.