کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بازاڕی گەرمی كڕین‌و فرۆشتنی بڕوانامەكانی خوێندن له‌ ئێران

13:23 - 3 بانەمەڕ 2715

بازاڕی كڕین‌و فرۆشتنی بڕوانامەی خوێندن لە ئێران تا بڵێی گەرمە. جگە لە عەلی كوردان، وەزیری نێوخۆی دەوڵەتی ئەحمەدینژاد كە بڕوانامە دوكتوراكەی ساختە بوو، ئەم ڕۆژانە كەسانی دیكەش بازاڕی بڕوانامەی ساخته‌یان لە سیكلەوە تا دوكتورا خۆش كردووە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕاگەیەنە نێوخۆییەكانی ئێران، لەم وڵاتە كڕین‌و فرۆشتنی بڕوانامەكانی زانكۆ و قۆناغی بەر لە زانكۆ زیاتر لە ڕابردوو پەرەی سەندووە. نرخی ئەم بڕوانامانە لە ١ میلیۆن تمەن بۆ سیكل ده‌ست پێده‌کاو نرخی بڕوانامه‌کان بۆ دوكتورا ٥٠ میلیۆن تمەن باس ده‌کرێ. بەپێی ڕاپۆرتی سایتی تابناك، نرخی بڕوانامە بەرزەكانی زانكۆ بە دۆلار مەزندە دەكرێ، ئەم نرخانە لە ١ میلیۆن تمەن بۆ بڕوانامەی سیكل دەست پێدەكاو تا ١٥ هەزار دۆلار بۆ دوكتورا لە هەڵكشان‌و داكشان دایە. هەر بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بۆ بڕوانامەی لیسانس ٣ هەزار دۆلار، بۆ كڕینی بڕوانامەی كارناسیی بەرز ٥ هەزار دۆلار كە دەكاتە ١٨ میلیۆن تمەن‌و بۆ دوكتوراش ١٥ هەزار دۆلار كە نزیكەی ٥٠ میلیۆن تمەن دەگرێتەوە، پارە لە كڕیاران وەردەگیردرێ تا ببن بە خاوەنی بڕوانە لە زانكۆ مەجازییەكانی مالیزی‌و تەنانەت لە ئامریكاشەوە بڕوانامەی جەعلی وەدەست بێنن. بەقسەی كۆمەڵێك لە كارناسان، هۆی پەرەسەندنی كڕین‌و فرۆشتنی بڕوانامە ساختەكان لە ئێران ئەوەیە كە لەم كۆمەڵگایەدا ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر سەرنج دەدرێتە بڕوانامەی خوێندن‌و لە هەموو بوارێكەوە زەقیان كردۆتەوە. ڕۆژنامەی ئێران لە زمان كارناسێكەوە نووسیویەتی تەنانەت ئەم كەسانەش كە كارو پێگەیەكی باشی كۆمەڵایەتیشیان هەیە بەڵام بڕوانامەی زانكۆیان نییە، بە شوێن پەیدا كردنی بڕوانامەدان تا بتوانن پێگەی خۆیان زیاتر و باشتر بسەلمێنن. شایانی باسە بازاڕی گەرمی بڕوانامەی زانكۆیی ساختە لە ئێران لە حاڵێك دایە كە بەپێی قانوونەكانی ئەم وڵاتە، دروست كردنی بڕوانامە تاوانە و سزاشی بۆ دیاری كراوە.