کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی نێشتمانپەروەرو دلسۆز لە ناوچەی شنۆ

19:22 - 4 بانەمەڕ 2715

بە گوێرەی هەواڵێک کە لە شنۆوە گەیشتووە، ڕۆژی ٢ی بانەمەڕ، حاجی ڕەحمان مەولوودی کەسایەتیی نێشتمانپەروەر‌و دڵسۆزی ناوچەی شنۆ بە هۆی وەستانی دڵ، لە تەمەنی هەشتا ساڵی دا کۆچی دوایی کرد. حاجی ڕەحمان بە دوای دەستپێکردنەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دیموکرات وهەر لە سەرەتای ساڵی ١٣٥٨ەوە، بووە هۆگری حیزب و تێکەڵ بە کارو تیکۆشانی حیزبی بوو. هەر ئەو کاتیش یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی کە بە نیشانەی لایەنگری لە حیزب و بۆ پێشاندانی خۆشەویستیی خۆی بۆ حیزبی دیموکرات بەشداری متینگی حیزب لە شاری نەغەدە بوو، لە شەڕی داسەپاو بە سەر کوردەکان لەو شارەدا، گیانی لە دەست دا. حاجی رەحمان مەولوودی جگە لەوەی ئەرکەکانی ئەندامێکی حیزبیی بە زیادەوە، جێبەجێ دەکرد و بۆ راپەراندنی ئەرکی پێسپیردراوی حیزبی هەموو کات ئامادە بوو، لە باری ماڵییشەوە، لە هاوکاریی کۆمیتەی شارستانی شنۆ و هیزی سەهید سمکۆ، درێغی نەدەکرد.ماڵی حاجی رەحمان بنکە و ماڵی کادر و پێشمەرگە و بەرپرسانی حیزب بوو. حاجی ڕەحمان بە رادەیەک هۆگری حیزبی دیموکرات بوو، کە دوای گیرانەوەی ناوچەی شنۆ لە لایەن هیزەکانی کۆماری ئیسلامی، بۆ ساڵانێک شاری شنۆی بە جێ هێشت‌و لە میراوێی ناوچەی سەردەشت‌و لە ناوچەکانی ژێردەسەلاتی پێشمەرگە دا، گیرسایەوە. حاجی ڕەحمان، هیچ کات وەفاداری بە حیزبی دیموکرات و خۆشەویستیی پێشمەرگە و تێکۆشەرانی ڕیگای ئازادیی کوردستانی وەلانەنا. ئەم رابردووە و ئەم نیشتمانپەروەری و دلسۆزییە وای کردبوو حاجی ڕەحمان مەولوودی و بنەمالەکەی، جێگای ڕێز و خۆشەویستیی خەڵکی شنۆ بن. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەو مرۆڤە بەڕێز و دڵسۆزە، سەرەخۆشی لە بنەمالەکەی و هەموو خەڵکی ناوچەی شنۆ دەکا. یادی حاجی رەحمان مەولوودی بەڕێز و بە هیوای وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی.