کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژی لە دایکبوونی پێشەوا، بۆنەیەکی نەتەوەیی و خەباتگێڕانە

03:18 - 6 بانەمەڕ 2715

١١ بانەمەڕی ١٢٧٩(١ی مای١٩٠٠) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەسێک هاتە سەر دنیا کە دواتر‌و لە دەیەی پێنجەمی تەمەنی دا، ڕێچکەیەکی لە مێژووی نەتەوەکەی دا رەنگڕیژ کرد کە لە ماوەیەکی کەم دا، ئاراستەی ئەم مێژووە و چارەنووسی نەتەوەکەی گۆڕی. قازی محەممەد، کە بەر لە هاتنیشی بۆ نێو کۆمەڵەی ژێکاف‌و حیزبی دیموکراتی کوردستان، کەسایەتییەکی دیار‌و شوێندانەری مەهاباد بوو، لەو کاتەوە کە هاتە نێو کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان، ئەو زەمینە و دەرفەتەی بۆ پێک هات کە ڕۆڵێکی گەورە لە ژیانی سیاسیی نەتەوەکەی دا، بگێڕێ. قازی محەممەد بوو کە لە سەر بناغەی کۆمەڵەی ژێکاف حیزبی دیموکراتی کوردستانی بنیات نا‌و، کردی بەو هێزە سیاسییە لە لایەکەوە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەوری بەرنامە و ئامانجەکانی کۆبکاتەوە و لە لایەکی دیکە، بیکا بە نوینەری نەتەوەی کورد بۆ وتووێژ‌و دانوستان لە گەڵ ئازەربایجان‌و سۆڤیەت‌و لایەنەکانی دیکە تا پشتی پێکهاتنی دەوڵەتێکی کوردی لەم ناوچەیە بگرن. ئەوە هەر ناسراوی‌و پێگەی ئایینی‌و کۆمەلایەتیی خۆی‌و بنەماڵەکەی نەبوو کە یارمەتیدەری بەرزبوونەوەی دەور و ڕۆڵی قازی محەممەد لە کۆمەڵەی ژێکاف و حیزبی دیموکراتی کوردستان دا بوون. زانایی‌و ڕۆشنبیریی سیاسی‌و گشتیی ئەو کەسایەتییە‌و بیروباوەڕ‌و هەڵسوکەوتی‌ ئینسانی‌و شارستانی‌و دیموکراتانەی ئەو، هاندەری توێژە جۆراوجۆرەکانی خەلک‌و دۆستانی ئازەربایجانی و بیانییش بوون بۆ ئەوەی لە پێشەوەی خۆیان‌و لە ڕووبەرووی خۆیان‌دا، رێبەر و کەسایەتییەکی بەرپرس و جێگای متمانە بەدی بکەن. قازی محەممەد، لە ماوەی کورتی سەرکۆمارییەکەی‌دا، وەها درەوشاییەوە، کە ڕووناکییەکەی بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر زەمان‌و مەکانی بڕی. ئەو دەسەڵاتە کوردییەی پێشەوا قازی محەممەد سەرۆکایەتیی کرد، لە ماوەی یازدەمانگ لەسەرکاربوونی‌‌دا، لە ژیر ڕێبەری‌و کاریگەریی بیرکردنەوە‌و سیاسەتی ئەو کەسایەتییەدا نمووونەیەکی ئەوەندە بەرز‌و گەش لە دەسەلاتدارەتیی خستەڕوو، کە کاریگەرییەکانی لە سەر ئازادیخوازان‌و خەباتکارانی کوردستان هەتا ئێستاش نەسڕاوەنەوە‌و بوون بە ڕووگە‌و سەرچاوەی ئیلهامی سیاسیی نەتەوەکەی. پێشەوا قازی محەممەد، ئەگەر لە سەردەمی ژیانی سیاسی‌و لە چڵەپۆپەی دەسەڵات‌و ڕێبەری‌دا، هەوێنی تەبایی‌و یەکگرتوویی خەڵک‌و ڕەمزی رەتکردنەوەی بندەستیی نەتەوەیی‌و جاڕدانی دەوڵەتی کوردی‌ بوو، لە شەهیدبوونیشی‌دا، هەڵگری پەیامی سەردانەنواندن‌و پشتنەکردن لە ئامانجی ڕزگاری بوو. ئەو بە بەرگرییە بوێرانە‌و میژووییەکەی لە بێدادگای ڕێژیمی شایەتی‌و بە چوونی سەربەرزانەی بۆ سەر سیدارەی دوژمنان، بەو هەمووە دەسکەوت‌و ناوەرۆکە سیاسی‌و دیموکراتییە دەوڵەمەندەی لە ڕێگای کۆماری کوردستان‌و لە ماوەیەکی کورتی دەسەلاتدارەتی‌دا بەرهەمی هێنا، نەک هەر سەری خۆی، بەلکوو بڕگەیەکی هەستیار لە مێژووی نەتەوەکەشی بەرز کردەوە. ڕێزگرتن لە١١ی بانەمەڕ، ڕۆژی لە دایکبوونی پێشەوا قازی محەممەد، لە لایەک ڕێز گرتنە لە ڕێبەر‌و سەرکردەیەک کە زۆر لە شانازی‌و دەسکەوتەکانی مێژووی هاوچەرخی نەتەوەکەمان لە سەر دەستی ئەو بەرهەم هاتوون‌و لە دایک بوون، بۆ نموونە: دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە تەمەنترین حیزبی کوردی، دامەزرانی جمهووریی کوردستان یەکەم دەسەڵاتی مودیڕنی نەتەوەیی، هاتنە دنیای ئاڵای کوردستان، پێکهاتنی هیزی پێشمەرگە و چەندین دەسکەوتی دیکە. لە لایەکی تریشەوە ڕیزگرتن لە بیرەوەریی لە دایکبوونی پێشەوا قازی محەممەد، نیشاندانی وەفادارییە بەو ئامانجانەی ئەو سەرکۆمارە گیانی خۆی لە پیناویان‌دا بەخت کرد، پێداگرتنەوەیە لە سەر ڕێگا و ڕێبازێک کە پێشەوای شەهید خستیە بەر دەمی نەتەوەکەی، ڕێگای رزگاربوون لە بندەستی و ڕێبازی بە سەربەستی‌و بە سەربەرزیی ژیان. نابێ هەر وا بە سادەیی بەلای سەدوپازدەهەمین ساڵڕۆژی لە دایکبوونی پێشەوا قازی محەممەددا کە دەبێتە ١١ی بانەمەڕی ئەمساڵ، تێپەڕ بین. لە نێوخۆی وڵات‌و لە ژێردەسەڵاتی دوژمنانی ئاوات‌و ئامانجەکانی پێشەوای ڕێبەر‌و ڕێنیشاندەردا، ڕۆژی لەدایکبوونەکەی پێویستە وەک بۆنەیەکی نەتەوەیی‌و خەباتگێڕانە بە شکۆیەکی تایبەتەوە، یادی بکرێتەوە. لە بەشەکانی دیکەی کوردستان‌و لە هەر جێگایەک کوردستانیان دەژین، ڕێزگرتن لەم بۆنەیە‌و، بە ڕێزەوە یادکردنەوەی هزر‌و ئەندیشە‌و پەیام‌و هەڵوێست‌و ئامۆژگارییەکانی ئەو کەسایەتییە میژووییە،

پێویستە بە ئەرکێکی نەتەوەیی دابنرێ. با گیانی سەرکۆماری شەهیدمان پێشەوا قازی محەممەد لە بەرزایی مێژوودا، شاد و شایەد بێ کە نەتەوەکەی بە قەدرزانی و پێزانینەوە ڕێگای ئەو، کە ڕێگای ڕزگاریی خۆیانە، درێژە دەدەن.

له‌ ژماره‌ ٦٥٤ ی رۆژنامه‌ی "کوردستان"دا بڵاو بۆته‌وه‌