رۆژهەڵاتی کوردستان و نەریتێکی جوان ژینگەی خاوێن، نیشانەی ئاگایی و وشیاریی کۆمەڵگەیە. کۆمەڵگه‌ی پێشکەوتوو پێویستی بە پێشزەمینەی فەرهەنگی و فکری هەیە کە کەلتووری ژینگەپارێزی یەکێکە لەو پێشزەمینانە کە کۆمەڵگە بۆ ئامانجە ئامادە دەکا. ژینگەپارێزی و ژینگه‌دۆستی، ئەو نه‌ریتە جوان‌و و ئەو ئەرکە ئینسانی و نیشتمانییەیە کە چه‌ند ساڵێکه له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌نێو خەڵکی ئاگا و بەتایبەتی چالاکان و تێکۆشه‌رانی مه‌ده‌نی و ژینگەپارێزی ده‌ستی پێکردوه و، به‌خۆشییه‌وه خەریکە لە زۆربەی شار‌و ناوچەکان په‌ره دەستێنێ. وەڕێ خستنی کەمپەین‌و چالاکیی ژینگەپارێزی وەک؛ رێگرتن له سووتاندنی دارستان و لێرەوارەکان، ئازادکردنی باڵنده‌کێوییه‌کان، شکاندنی تفه‌نگه راوییەکان‌و هەرەوەزی بۆ پاک‌وخاوێنی سهیرانگهو شوێنه‌گشتییه‌کان، کۆڕ و کۆبوونەوەی جەماوەری بۆ ئاگایی دان بە خەڵک، لەناوبردنی قلیانەکان و .... هه‌موو ئه‌وانه دانانی بناغه‌ی ئه‌و فه‌رهه‌نگە جوانەیە کە بە خۆشییەوە لە زۆر شار و ناوچەی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆتە ئەرک. هەر رۆژە هەواڵی چالاکییەکی لەم چەشنە لە شارێک و ناوچە و گوندێک بڵاو دەبێتەوە. رەنگە لەم رۆژگارە پڕ لە جەنجاڵ و پڕ لە شەڕو ئاژاوەدا، ئەوجۆرەکارانە بچووک بێنەبەرچاو، بەڵام هەر ئەو کارانەیە ئەوکەلتوورە دروست دەکەن کە ئینسانەکان داهاتوویەکی رووناکتر بۆخۆیان و نەوەکانی داهاتوو بنیات بنێن و نیگەرانی مەترسییەکانی پیسبوونی ئاووهەوا نەبن. ئه‌گه‌ر تێکۆشه‌رانی ژینگه‌پارێز و ژینگە دۆست له کوردستان به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستا بەردەوام کار بۆ ئه‌م عه‌قڵیه‌ته بکهنو په‌ره‌ی پێبده‌ن، ئەگەر کاناڵەکانی راگەیاندنی کوردستان هاوکار و رێنیشاندەری خەڵک بۆ چەسپاندنی کەلتووری ژینگەپارێزی بن، به دڵنیاییه‌وه کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستان داهاتوویەکی روون و گه‌شتری ده‌بێ و خۆی ئامادە دەکا بۆ پێشکەوتنی زیاتر و گەورەتر.
رۆڵ و ئەرکی ژنان لە کوردستان هەروەک وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان، منداڵان له‌گه‌ڵ زەویی و ئاسمان‌و گیانله‌به‌ران رووحێکی پاک‌و بێگه‌ردیان هه‌یه، بەڵام هەرکە گه‌وره ده‌بن زۆربه‌یان به‌داخه‌وه له‌گه‌ڵ سروشت‌و گیانله‌به‌ران دڵڕه‌قانه ده‌جووڵێنه‌وه. ئەوەی منداڵان والێ‌دەکا و کەسایەتییانی لەسەر بنیات دەنرێ، رەفتاری گەورەکانەوە. منداڵان تا ئەمڕۆش زۆرتر هه‌ر نامێهره‌بانییان له‌گه‌ڵ سروشت‌و گیانله‌به‌ران له گه‌وره‌کانەوە بینیوە و فێر فێربوون. بەتایبەتی ئازاردانی حەیوانات و گیانلەبەران یەکێکە لە کەلتوورە ناشایستەکانی کۆمەڵگەی ئێمە. بۆیە لەم پێوەندییەدا دایک دەتوانێ گەورەترین رۆڵی لە دروستکردنی کەلتووری ژینگە پارێزی‌و نەوەیەکی مێهرەبان لەگەڵ سروشت و گیانلەبەران هەبێ. پاراستنی ژینگه ئه‌مڕۆکه وه‌ک یه‌کێک له گرنگترین بنه‌ماکانی گه‌شه‌سه‌ندنی جیهانییە و پێویستیی به به‌شداریی راسته‌قینه‌و ئاگایی کۆمه‌ڵگه هه‌یه. ژنان به هۆی ئه‌وه‌ی نه‌خش و رۆڵی زۆرتریان له ئیداره‌ی بنه‌ماڵه و په‌روه‌رده و فێرکردنی منداڵدا هه‌یه، ده‌توانن وه‌ک هێزیکی کاریگه‌ر، هه‌ر وه‌ک چۆن ده‌توانن نیگابان و پارێزه‌ری منداڵه‌کانیان بن، هه‌ر ئاواش ده‌توانن نیگابان‌و پارێزه‌ری ژینگه بن‌و ئەم نەریتە جوانە بگوازنەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو. هه‌رکه‌س له‌ئاست خۆیه‌وه به‌تایبه‌تی دایکان‌و باوکان له‌م بواره‌وه ئه‌رکێکی زۆر بهرپرسانهیان له‌سه‌رشانه. ئه‌وان دەتوانن نه‌وه‌یه‌ک بۆ ئه‌و نیشتمانه په‌روه‌رده بکه‌ن که سروشتیان خۆشبوێ‌و رێزی لێبگرنو لەگەڵ خۆپاراستن لە هێندێک گیانلەبەری مەترسیدار، پێوه‌ندییه‌کی دۆستانه و مێهرەبانانە‌یان له‌گه‌ڵیاندا هه‌بێ. ئه‌مانه ده‌بێ وه‌ک تایبه‌تمه‌ندیی به‌رزو جوانی ئینسان سه‌یر بکرێ. گه‌وره‌کان به‌رپرسن له ئاست سروشتدا به هه‌موو پێکاهاته‌کانیه‌وه. ئارامی‌و خۆشی ته‌نیا مافی ئینسان نیه، به‌ڵکوو گیانلهبهرانو سروشتیش ئه‌و مافه‌یان هه‌یه که رێزیان لێبگیرێ. ئه‌و ره‌وته‌ی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له لایه‌ن تێکۆشه‌رانی ژینگه‌پارێزه‌وه ده‌ستی پێکردوه، ده‌بێ وه‌ک خه‌باتێکی نیشتمانی و ئینسانی ببینرێ‌و به‌پێزانینه‌وه سەیری بکرێ. بە تایبەتی ئەو لایەنانەی میدیا و کاناڵی راگەیاندنیان لەبەردەست دایە، وەک ئەرکێکی کەلتووری بە هیچ بیانوویەک لایەنی ژینگەپارێزی نابێ لەبیر بکەن و وەک بەشێک لە خەباتی خۆیانی بزانن. کوردستان نیشتمانێکی جوانه، پارێزگاری له‌وجوانییه، ئه‌رکی هه‌موو تاکێکی ئه‌و وڵاته‌یه. به‌و هیوایه ره‌وتی پارێزگاری له‌ژینگه لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببێته که‌لتوورێکی گشتی‌و هه‌موو لایه‌ک به‌ئه‌رکی نه‌ته‌وه‌یی، نیشتمانی و ئینسانی بزانن‌و منداڵانی داهاتووی ئه‌م نیشتمانه دوور لە نەخۆشییەکان کە زۆرتر بەهۆی پیسبوونی ئاو و هەواوەیە، داهاتوویه‌کی گه‌ش و خاوێن چاوه‌ڕوانییان بکا.لە ژماره ٦٥٤ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه