کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارودۆخی خراپی بێهروز ئاڵخانی بەندكراوی سیاسیی كورد لە زیندانی ورمێ

15:03 - 9 بانەمەڕ 2715

بارودۆخی روحی‌و ڕەوانیی بێهروز ئاڵخانی بەندكراوی کوردی مەحكوم بە ئێعدام كە زیاتر لە ٥ ساڵە لە زیندانی ورمێ‌دا بەندکراوە، نالەبارە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ بێهروز ئاڵخانی كە بە تۆمەتی ئەندامەتیی لە یەكێك لە حیزبە بەرهەڵستكارەكانی كۆماری ئیسلامی‌و بەشداریكردنی لە تیرۆری دادستانی شاری خۆی حوكمی ئێعدامی بەسەردا سەپا، ئێستا لە زیندانی ورمێ تووشی نەخۆشیی روحی‌و دەروونی هاتووەو كاربەدەستانی قەزایی لە ناردنی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان خۆدەبوێرن. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ناوبراو بە هۆی ئازارو ئەشكەنجەی جەستەیی‌و روحیی سەردەمی سەرەتای گیرانی‌و سەپاندنی حوكمی ئێعدام نەخۆشیی خەمۆكیی توندی گرتوەو دادستان بە هۆی سزای ئێعدامی بەسەردا سەپاوە، لە ناردنی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان خۆدەبوێرێ. بێهروز ئاڵخانی لە دایكبووی ساڵی ١٣٦٤و خەڵكی شاری سەڵماس‌ وێڕای ١٥ كەسی دیكە ڕۆژی٧ ڕێبەندانی ساڵی١٣٨٨ لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی شاری سەڵماسەوە بە تۆمەتی هاوكاریكردنی حیزبە كوردییەكان دەسبەسەر كرا. ناوبراو پاش چەند مانگ بە تۆمەتی بەشداری لە كوشتنی دادستانی شاری خۆی لە لایەن لقی ١ی دادی شۆڕشی شاری ورمێ حوكمی ئێعدامی بەسەردا سەپا. شایانی باسە كە ئەم بەندكراوە كوردە لە پەروەندەیەكی دیكەشدا بە تاوانی ڕاگرتنی چەك حوكمی ١٠ ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوەو، خزم و نزیكانی ناوبراو حاشا لەوە دەڵێن‌و ناوبراو لە كاتی گیرانی بەهۆی هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە هیچ چەك‌و چۆڵێكی پێ نەبووە.