کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی وەفدێکی کۆمیتەی سوئێدی حدک لە کۆبوونەوەیەک لە پاڕلمانی سوئێددا

15:17 - 9 بانەمەڕ 2715

شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بانگهێشتی ئەندام پاڕلەمانەکانی حیزبی سوسیال‌دێموکرات‌و پارتی چەپی سوئێد لە کۆبوونەوەیەکدا بەشداری کرد کە بۆ پێشاندانی فیلمێکی بەڵگەیی‌و کۆڕێکی پرسیار و وەڵام ڕێکخرابوو. لەو کۆڕەدا کە دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، ٨ ی بانەمەڕ بەڕێوەچوو، شاندێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان پێکهاتوو لە عەزیز سەیدنژادیان‌و کەماڵ گروێسی، بەشدارییان تێدا کرد. لە سەرەتای کۆڕەکەدا خاتوو ئامینە کاکە باوە، ئەندامی پاڕلمانی سوئێد لە پارتی چەپی سوئێد بە قسەیەکی کورت مەبەست لەو کۆبوونەویەی شیکردەوەو دواتر فیلمێکی بەڵگەیی کە لە لایەن فیلمسازی ئێرانی نیما سێروستانی بەرهەم هاتبوو، پیشاندرا. لەو فیلمەدا کە لەسەر ئێعدامەکانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی بەرهەم هاتبوو، ئەو کەسانەی بۆخۆیان ئەو سەردەم زیندانی بوون‌و ئەشکەنجە و ئازار دراون و حوکمی ئێعدامیان لەسەر بووە، قسەیان تێدا کردوە. لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا یەکێک لەو کەسانەی هەم لە فیلمەکەدا هەبوو هەم لە کۆڕەکەدا بەشدار بوو، باسی لە بەسەرهاتی خۆی لەو کاتدا کرد. ئەو گوتی دوای ئەشکەنجەیەکی زۆردا ناچاریان کردوە '' تۆبە'' بکا و ببێتە '' تەواب''. ئەم کارە دەکا و دواتر بۆ دڵنییایی زیاتر لێی کە بەراستیی تەوابە، دەیبەنە شوێنی ئێعدامەکان‌و ناچاری دەکەن تەقە لە هاوڕێیەکانی بکا کە حوکمی ئێعدامیان هەبوو. ناوبراو بە چاوی پڕ گریانەوە باسی ئەو کارەساتەی کرد کە لە ژێر فشارو زەخت‌و زۆری جەلادەکانی ڕژیمی ئیسلامیدا بە سەری هێندرابوو. کەسێکی دیکەی ناو فیلمەکە و بەشداری کۆڕەکە ناوی '' ئیرەج میسداقی'' بوو، ناوبراو ساڵی ١٣٦٧ زیندانی بووەو حوکمی ئێعدامی لەسەر بووە، بەڵام بە هەڵکەوت نایکوژن‌و رزگاری دەبێ. ناوبراو هەموو ئەو کارانەی لەگەڵیان کراوەو چۆنییەتی ئەشکەنجە درانیانی بۆ بەشدار بووان باس کرد. میسداقی گوتی مانگی گەلاوێژی ١٣٦٧ی هەتاویی، نیزیکەی ١٥ تا ٢٠٠٠٠ کەس بە فەرمانی راستەوخۆی خومەینی لە زیندانەکانی '' ئێوین، قزڵ حەسار و گەوهەردەشت'' ئێعدام کراون. لە فیلمەکەدا وتووێژێک لەگەڵ '' ئایەتوڵا مونتەزیری'' کراوە، ناوبراو دەڵێ ئەمن دژی ئەو ئێعدامانە بووم، بەڵام قسەکەم بڕی نەکرد، مونتەزیری دەڵێ تەنانەت گوتم با لانیکەم لە مانگی '' موحرەم''دا ئێعدامەکان راگیرێن، بەڵام ئەوەش ئاکامی نەبوو، تەنانەت خومەینی نامەیەکی بەدەستخەتی خۆی بۆ ناردم کە لەنامەکەدا فتوای ئێعدامی ئەو زیندانییانەو هەموو دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی تێدایە. هەروەها لە فیلمەکەدا ئەو کەسەی لە گۆڕستانی '' بەهەشتی زارا'' ئەو دەم قەبر هەڵکەن بووە، قسە دەکاو دەڵێ رۆژانە ٦٠ تا ٧٠ قەبر دەبوو سز بوایەو بە شەو تەرمەکانیان دێناو ژێر گڵیان دەکردن‌و نەیاندەهێشت کەس کێل‌و بەردیان بۆ دانێ. رۆژێک دایکی ئەو لاوانە بە پۆل دێن‌و گڵەکە هەڵدەدەنەوە و جەنازەی منداڵەکانیان دەناسنەوە. ئەو شوێنە ئێستا ناوی خاوەرانە‌و رژێم پێی دەڵێ '' لەعنەت ئاباد''. لە کۆتایی کۆڕەکەداو لە پانێلێکدا وەڵامی سەرنج و پرسیار و تێبینییەکانی بەشدار بووانیان دایەوە.