کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێناسەیەک لە هەڵپەرکێ

13:39 - 10 بانەمەڕ 2715

هەڵپەركی یان بە واتایەک دەربرینی ئەو هەستەی کە لە کاتی جۆراوجۆر و بە مەبەستی جۆراوجۆر لە لایەن کۆمەڵگای هەرنەتەوەیەک پێناسەی تایبەت بە خۆی هەیە. ئەگەر بروانینە مێژووی مرۆڤایەتی بە درێژایی ئەم مێژووە هەڵپەرکێ بوونی هەبووە دیارە گومان لەوەدا نیە کە بەپێی ئالوگۆرە کۆمەڵایەتیەکان هەڵپەرکێی بەشێک لە نەتەوە جۆراجۆرەکان یان فەوتاون یان رووبەرووی نەمان و یانیش بەشێوەیەکی کەمرەنگ ماوە. لە راستی‌دا هەڵپەركی لە لای هەر گەڵ و ناوچەیەکی جیهان روانینی جیاوازی لەسەرە چوونکە هەڵپەركێی هەر نەتەوەیەک دەربری بەشێکی کارەساتەکان و مێژووی نەوتراوی ئەو گەڵەیە، وەک چۆن زۆرجار نەتەوەیەک بە هۆی ژێردەستەیی و سەرکووت کە نەیتوانیوە رووداوەکانی خۆی بنووسێ یان باسیان بکات، بەڵام توانیویەتی بە داهێنانی جۆرێک لە هەڵپەركی ئەو رووداوە بە زمانی وێناکردن و دەربرینی هەست لە رێگای هەڵپەركێ دەرببرێت . مێژووی هەڵپەرکێی کوردی بەو پێەش هەڵپەرکێ هەمیشە لای خەڵکی هەر نەتەوەیەک گرینگی خۆی هەبووە. هەڵپەرکێی کوردیش بێگومان مێژوویەکی کۆن و قسەی جۆراجۆریشی لەسەرە ، مێژووی هەڵپەرکێی کوردی دەگرەێتەوە بۆ ٧٠٠ ساڵ پێش زاین ئەوکاتەی ئیمپراتۆری ماد توانی پەرە بە دەسەلاتەکەی لە ناوەچەکەدا بدا و لەو کاتەوە فەلسەفەی هەڵپەرکێ بە سەرکەوتنەکان و شکستەکانی ئەو شەرە و بەجۆرێک دەربرینی هەستەکان هاتە ئاراوە. بە درێژایی مێژوونەتەوەی کورد شاهیدی دەیان و بگرە سەدان کارەساتی تاڵ بوە و هەرجارێکیش توانیوێتی دەرفەتێک بۆ خۆشی بدۆزێنتەوە بێ‌گومان بۆ دەربرینی خۆشیەکەشی وەک چۆن بۆ رووداوە تاڵەکان بە هەڵپەرکێ هەستی خۆی دەربریوە بەو شێوەش بۆ خۆشیەکانی بە هەڵپەرکێ دەربرینی خۆی هەبووە. هەڵپەرکێ لە نێو تاکەکان و تەنانەت نەتەوەی کورد خاوەن پێگەیەکی گرینگ و نەفەوتاوە. هەڵپەرکێ بۆ کورد ئەو دەنگ و چیرۆک و بەسەرهاتانەن کە بە هۆی ژێردەستەیی بوون و بەردەوامی سەپاندنی شەر توانیوێتی بە نمایش کردنی تابلۆی هەڵپەرکێ و دانانی شێوەی جۆراوجۆر قسەنەگوتراوەکان و بەسەرهاتەکان بۆ نەوەی نوێ بەزیندوویی رابگرێت و بی‌گوازێتەوە. دیاکۆنۆڤ لە کتێبی مێژووی مادەکانەوە لەسەر هەڵپەرکێی کوردی وادەنووسێت: لە ساڵی ٦١٢ی پێش‌زاین ئیمپراتۆری ماد بە رێبەرایەتی "هووەخشتەر" هێرشێکی سەختی کردە سەر نەینەوا و ئاشوریەکان چوونکە بە درێژایی دەسەڵاتی مادەکان ئاشووریەکان مەترسی بوون بۆ سەر مادەکان لەو شەرەدا توانرا ئاشوریەکان بهێنە ژێر دەسەڵاتی مادەکان و بەوجۆرەش دەسەڵاتی ئیمپراتۆری ماد بەربڵاوتر بێت. کاتێک شەر کۆتایی پێهات، " هووەخشتەر" داوای لە فەرماندەکانی خۆی‌کرد کە چێرۆکی ئەو شەرەی بە شێوەیەک بۆ باس‌بکەن. لەو سەردەمەش‌دا بە هۆی ئەوە بردنی شمشیر و کەرەستەی شەرکردن بۆ ژووری فەرمانرەوا قەدەغە بوو، فەرماندەکان لە جیاتی شمشیر دەسمالی سووریان بەدەستەوە گرت و شەریان بۆ پاشا گێرایەوە. فەرماندەی یەکەم کە هەمان چۆپی کێشی ئەمرۆی هەڵپەرکێی کوردیە دەستی هەمو سەربازەکانی خۆی گڕت کە پێشاندەری پشتگیری هێزی سەربازی ماد بوو بە فەرماندەکانی خۆیان و نیشانەی وەفاداری ئەو سەربازانە بە ئیمپراتوری ماد..یەکەم هەنگاو هەڵپەرکێ بە شێوەی ئارام کە ئەمرۆ ناوی ئەو هەڵپەرینە (گەریانە) دەستی پێ کرد و ئەوە بە مانای ئەوەیە کە ئێمە شەرەکەمان بە ئارامی دەست پێکرد.. پاشان بە هەڵگڕتن ،هەڵپەرینەکەیان توندتر کرد و ریتمی هەڵپەرین گشتتر بوو و ئەوەش بە مانای ئەوەی بوو کە ئێمە بە توندی هێرشمان‌کردەسەر دوژمن. لە نێو هەڵپەرینی کوردی کە مێژووییترین سەماو هەڵپەرکێی جیهانە چەندین شێوازی دیکەش هەیە کە یەک لەوان (سێ پێ) یە کە یەک لاق بۆ پشتەوەو دوو لاق بە توندی و سەریعی بۆ پێشەوە هەڵدێتەوە کە ئەوەش بە مانای ئەوەیە کە ئەگەر ئێمە لە شەرێ دا قەدەمێک بۆ پشتەوە پاشەکشەی بکەین،زۆر بە توندی دوو قەدەم بەرەو پێشێ دەچینەوە.. هەر وەها شێوازێکی دیکەی هەڵپەرکێ هەیە بە ناوی (شەلان شەلان) کە سەرچۆپی کێش لاقی راستی خۆی دەلەنگێنێت ،بەڵام لە پرێکەوە هەڵپەرینی توندتر دەکات و ئەوەش بە مانای ئەوەیە کە ئەگەر ئێمە لە شەرێ دا بریندار بووین،زۆر زو چاک دەبینەوەو بەرەو رێژەی دوژمنەکان هێرش دەکەین.. هووەخشەتەر ،پاشای مادەکان پاش بینینی ئەو شێوازە لە شێو کردنەوەی شەرەکەی نێوان مادەکان و ئاشورێکان،فەرمانی دا کە ئەو ئایینە لە هەمو جێژنەکان و بەرنامەکان ،بە تایبەت لە هەمو جێژنەکانی پاش سەرکەوتنیان لە شەرەکان دا بەکار بێنن، هەتا یاد و بیرەوەری سەرکەوتنەکانی ئیمپراتوری ماد هەتا هەتایە لە یادی خەڵک و دوژمنانی مییللەتی ماد و کورد بمێنێتەوە. هەر بۆیە زۆر سەرچاوە ئەمە بە سەرەتای مێژووی هەڵپەرکێی کوردی دەزانن کە بەم پێیەش دەکرێ بڵێین هەڵپەرکێی کوردی یەکێک لە کۆنترین هەڵپەرکێکانە لە جیهان‌دا. لە سەردەمی باشتر بوونی کار و باران بارین، بۆ ئاوەدان بوونەوەی کشتوکاڵ، بۆ وەرزی دروێنە، بۆکاتی بە شودانی کوور و کچان، لەکاتی سەرکەوتنی شەرەکان، لەکاتی شکست هێنانی شەرەکان، لەکاتی لەدەست‌دانی ئازیزێک، بۆ کاتی خۆئامادەکردن بۆ کارەساتێک، بۆ کاتی هێرش بردن یان بەرگریکردن لە وڵات، بۆ کاتی نەهامەتی و قات‌و قری، بۆ سپاس کردن و نزاکردن لە پەروەردگار و دەیان نموونەی هاوشێوەی ئەمانە گەڵی کورد بە دانانی هەڵپەرکێ و بە زمانی هەست دەربرینی بۆ رووداوەکان بوە. بێ‌گومان یەکێک لە سەرەکی‌ترین شتەکان کە ژیانی ئینسانی و حیوان لەیەک جیادەکاتەوە هەمان هەڵپەرکێیە، چوونکە تەنیا ئینسانە کە خاوەنی هەست و دەربرینی ئەو هەستەشە کەواتە هەڵپەرکێ دەتوانێ نموونەیەکی باش بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی و تاکە زمانێکیش بێت کە هەمووان لە یەک کۆدەکاتەوە و هەرکەس دەتوانێ بەبێ جیاوازی دەربری هەستەکانی خۆی بێت. لە کوردستان لەگەڵ ئەوەی زۆرلە هەڵپەرکێکان گشت‌گیرن بەڵام هێندێک هەڵپەرکێش هەیە لە ناوچە جۆراجۆرەکانی کوردستان کە ئاماژەیە بە رووداوێک کە لەو ناوچە رووی‌داوە. چەند شت فاکتەری سەرەکین بۆ زیندوومانی هەر نەتەوەیەک، یەکەم زمان، فڵکلۆر، نووسین بە زمانی زگماکی، بەیت و حەیران، شێعر، جڵ‌وبەرگ، و...هتد. بێ‌گومان کە لە نێویاندا هەڵپەرکێش خاوەن رەسەنایەتی و پێناسەیەکی دیکەیە بۆ شوناسخوازی نەتەوەی کورد، هەڵپەرکێ و نمایشکردنی تابڵۆی هەڵپەرکێ لە کوردەواری‌دا بە زۆری باسکردنە لە رابردوو لە هەمانکاتیش‌دا بەدرێژایی مێژوو کە کورد لە بەرگریکردن لە خاک و بەردەوام لە شەرکردندا بوە هەوڵی‌داوە تا لە رێگای هەڵپەرکێ‌وە هەستی سەرکەوتنەکەی یان شکستەکەی بە بێ‌زمانی ئاخاوتن و لە رێگەی هەڵپەرکێ‌وە دەر ببرێ. دیارە هەڵپەرکێ تەنیا بۆ ئەوکاتە نیە، بەڵکوو جۆرێک لە سەما و هەڵپەرکێش لە نێو کوردەواری‌دا هەبووە کە لەکاتی لەدەست‌دانی کەسێکی ئازیز یان شۆرشگێرێک سەمای شین‌گێری بەرێوە چووە کە ئەویش بە پێی ناوچەکانی کوردستان دەگۆردرێت و لەراستی‌دا جۆرەسەمایەکی عیرفانی و گوزارشکردنە لە داخ و هەستێکی ناخۆش و تەنانەت جۆرێکیش لە نزاکردنە لە پەروردەگار کە لەم جۆرە سەماکردنەدا هەیە. لە شەرایەتی ئێستادا کە گەڵی کورد هەتا ئێستاش نەیتوانیوە بگات بە ئامانجە سەرەکیەکانی کە ئامانجی نەتەوەیین و دوژمنانیش بەردەوام پلان دەگەرێن تا زمان، کڵتوور، فەرهەنگ و شوناسی کورد بوونمان ئاسمیلە بکەن و لە بوارەوە کە مێژوویی بونی کورد وەک گەڵێکی کۆن دەسەڵمێنی رووبەرووی لەناوچوون و فەوتان بکەن. بۆیە لەم حاڵەدایە کە زمانی شێعر، کڵتوور، فەرهەنگ، بەیت و حەیران و هەڵپەرکێ دەبنە زمانێک بۆ باسکردن لەو چەوساوەییە و دەبنە چەکێکیش بۆ سەڵماندنی پێناسەی نەتەوەیی بوون و بەهێزکردنی شوناسخوازی لە نێو نەوەی نێودا و لە هەمان کاتیش‌دا زیندوو راگرتنی هەموو بەسەرهاتە مێژوویەکانن کە بە درێژایی مێژوو رووبەرووی کورد بۆتەوە کە زیندوراگرتنی ئەم مێژووەش یارمەتی‌دەرە بۆ نیشان‌دانی شارستانیەت و کەوناربوونی کوردستان و گەڵی کورد رووبە جیهانیان. نابێ لە بیرمان بچێت کاتێک کەسانی پسپۆر بیانهەوێت لێکۆلینەوە و کاری نووسین لەسەر نەتەوەیەک بکەن، یەکەم شتەکان مێژوو، نەریت، کڵتوور، زمان و هەڵپەرکێن کە بەداویدا دەچن وەک سەرەتایەک بۆ ناسینی ئەو گەڵە. بۆیە پێویستە بۆ خۆناساندنی زیاتر بە جیهان کاربکەین لەسەر بەهێز بوونی ئەو لایەنانە و یەک لەوان هەڵپەرکێ، چوونکە گەڵێک زیندووە کە بتوانێت مێژووەکەی بە زیندووی رابگرێت کە هەڵپەرکێی کوردی هەڵگری زۆر مەقتەعی مێژووییە.