کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگاریی هێزی دەریایی ئامریكا له‌و پاپۆڕانه‌ی به‌ ئاڵای ئامریكاوە لە تەنگەی هورموز ڕاده‌بڕن

12:24 - 12 بانەمەڕ 2715

هێزی دەریایی ئامریكا دەڵێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی سه‌رکێشی‌و لادانەكانی سپای پاسدارانی ئێران تا ماوەیەكی دیاریكراوە، هەموو پاپۆرە بازرگانییەكان ئێسکۆرت ده‌که‌ن که‌ بە ئالای ئامریكاوە دەیانەوێ لە كەنداوو تەنگەی هورموزه‌وه‌ تێپەڕ ببن. تلویزیۆنی سی ئێن ئێن وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە لە زمان فەرماندەیەكی پلەبەرزی نیزامیی ئامریكاوه‌ ئاشکرای کرد لە حاڵێكدا هێزی دەریایی ئامریكا ئەمنیەتی هاتوچۆی ئاسایی پاپۆڕەكانی كەنداو و باكووری دەریای عەرەب دابین دەكا، پاراستنی ئەمنیەتی پاپۆرە بارهەڵگرەكان لە تەنگەی هورموز پێویستیی بە پاپۆڕێكی شەڕكەر هەیە. بڕیاری پاراستنی پاپۆڕە بارییەكان بە ئاڵای ئامریكاوە لە لایەن هێزی دەریایی ئامریكاوە کاتێک درا كە بەلەمە شەڕكەرەكانی سپای پاسداران، پاپۆڕێكی بارهەڵگری نێودەوڵەتییان لە ئاوەكانی که‌نداودا ڕاگرت و ناچاریان كرد لە بەندەر عەباس له‌نگه‌ر بخا. پاپۆڕی "مێرسك تیگریز" كە بە هەڕەشەی بەلەمەكانی سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەم وڵاتە گواسترایەوە به‌ ئاڵای دوڕگەكانی مارشاڵ لە حاڵی جووڵەهاتوچۆدا بوو که‌ پاراستنه‌که‌ی  به‌پێی نیزامی نێودەوڵەتی لە ئەستۆی ئامریكایە.

شایانی باسە ئامریكا نیگەرانە که‌ له‌‌ بارودۆخی نائارامی ناوچە له‌ ئێستادا ڕوودانی هەر چەشنە پێشهاتێک بۆ پاپۆڕەكان بە ئالای ئامریكا لە لایەن ئێرانه‌وه‌ قه‌یرانی نێودەوڵەتیی دیکه‌ی لێ بكەوێتەوە.