کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارودۆخی ئازادیی ئایینی لە ئێران لە ساڵی٢٠١٤ بەم لاوە خراپتر بووە

12:26 - 12 بانەمەڕ 2715

كۆمیسیۆنی ئامریكایی ئازادیی ئایینی لە جیهان، شازدەیەمین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاو كردەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە بارودۆخی ئازادیی ئایینی لە ئێران لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینی بەم لاوە زۆر خراپتر لە پێشوویە. لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە كە لە كاتی هاتنە سەر كاری حەسەن ڕووحانی وەك سەركۆمار لە دوو ساڵ لەمەوبەرەوە تا ئێستا، ئەم بارودۆخە هیچ باشتر نەبووە. بەپێی نووسراوەی ئامادەكارانی ڕاپۆرتی كۆمیسیۆنی ئامریكایی ئازادیی ئایینی لە جیهاندا، لە حاڵێكدا كە نیزامی ئایین سالاریی ئێران هەروا بەدوای پەرەپێدانی دژایەتیكردن لەگەڵ یەهوودییه‌ت دایە، لە ساڵی ڕابردووشدا بەكارهێنانی ئەدەبیاتی دژە یەهوودیش، لە نێو كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی زیاتر پەرەی سه‌ندوه‌. لە بەشێك لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە كە سەرەڕای ئەم مافانه‌ی لە قانوونی بنەڕەتیی ئێراندا لە بابەت كەمینە ئایینییەكان باسیان لێ كراوە، بەڵام كۆماری ئیسلام هەر وەك ڕابردوو بە كەلكوەرگرتن لە قانوونە دینییەكانی زاڵ بەسەر ئەم وڵاتەدا خەریكی سەركوتی گرووپە دژبەرەكانە‌و حەسەن ڕووحانیش هیچ که‌ پێبه‌ندی بەڵێنییەكانی كاتی هەڵبژاردنی خۆی نەبووە، هیچ كارێكیشی بۆ بەهێز كردنی ئازادییە مەدەنییەكانی كەمینەكانی نێوخۆی وڵاتەكەی نەكردووە. لەم ڕاپۆرتەدا هەروەها هاتووە كە كۆمەڵێك لە وه‌شوێن كەوتووانی ئەم ئایینانەی لە قانوونی بنەڕەتیی ئێستای ئێراندا، هیچ مافێكیان بۆ وەبەر چاو نەگیراوە، لەگەڵ ئازار و ئەزییەت، هەڵاواردن، دەستبەسەر كران‌و سزادانی توند بەرەوڕوو بوونەتەوە. لە ڕاستیدا جگە لە بەهاییەكان، ئەم كەسانەی تازە ڕوویان لە ئایینی مەسیح كردووە، سووننی مەزهەبەكان، ڕێڕەوانی سۆفیگەری‌و هەروەها دژبەرە شیعەكان، یەهوودییەكان، ئەرمەنییەكان، مەسیحییه‌یه‌کان‌و زەرتۆشتییەكانیش لەم وڵاتەدا بەهۆی پێبەند بوون بە بیروباوەڕه‌کانیان بە خراپترین شێوە هەڵسوكەوتییان لەگەڵدا دەكرێ. كۆمیسیۆنی ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتیی ئامریكا دەڵێ واشینگتۆن دەبێ لە ڕەوتی وتووێژەكانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیدا، مەسەلەی ئازادییە ئایینییەكان‌و ئازادی ڕادەربڕینیش لە دەستووری كاری خۆیدا دابنێ‌و هەروەها ئەم كۆمەڵە لە كاربەدەستانی ئێرانیش كە زۆر بە توندی ئازادییە ئاینییەكان پێشێل دەكەن دەستنیشان بكا‌و بەپێی قانوونی گشتگیری گەمارۆكانی ئێران ماڵ‌و داراییەكانی ئەم كەسانە ده‌ستیان به‌سه‌ردا بگیرێ.