کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ ساڵ زیندانی کێشانی فارووق سامانی بێ یه‌ک ڕۆژ مه‌ره‌خه‌سی

13:57 - 13 بانەمەڕ 2715

زیندانییەكی سیاسیی كورد لە زیندانی مەهاباد، لە حاڵێكدا دەچێتە نێو سێهەمین ساڵی به‌ندکرانیكرانیەوە كە تا ئێستا تاق ڕۆژێکی مەرەخەسی نه‌دراوه‌تێ. بەپێی ڕاپۆرتی كۆمەڵەی چالاكانی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران، فارووق سامانی هونەرمەند‌و ئەنیمێشێن ساز ڕۆژی 5ی ڕەشەممەی ١٣٩١، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەستبەسەر كراو بۆ سلوولی تاكەكەسیی وەزارەتی ئیتلاعات گوازرایەوە. ئەم تۆمەتانەی كە خراونەتە پاڵ ئەم چالاكە مەدەنییە بریتین لە، هەوڵدان بەدژی نیزام، هەوڵدان بەدژی ئەمنیەتی میللی لە ڕێگەی پێكهێنانی كۆڕو كۆبوونەوەو ئەندامەتی لە یەكێك لە حیزبە كوردییەكانی دژبەری كۆماری ئیسلامی، بەڵام یەكێك لە خزمەكانی ناوبراو لە بارەی تۆمەتەكانی فارووق سامانییەوە دەڵێ فارووق هونەرمەندو ئەنیماتۆرەو هۆی گیرانه‌که‌شی ته‌نیا بەشداریكردنی لە ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی ساڵی ٩١ دا بووە. ئەم هونەرمەندە لە ٢٨ی ڕەشەممەی ٩١ بۆ زیندانی مەهاباد گوازراوەتەوەو لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩٢ پاش نزیكەی ساڵێك دەستبەسەر كرانی كاتی، حوكمی 5 ساڵ زیندانیی بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزام‌و هەوڵدان بەدژی ئەمنیەتی میللی لە ڕێگەی رێکخستن‌و پێکنێنانی کۆرو كۆبوونەوە به‌سه‌ردا سه‌پێندرا. فاڕووق سامانی پاش پشتڕاستكردنەوەی حوكمەكەی لەگەڵ عەلیڕەزا ڕەسووڵی‌و خزر ڕەسووڵ مروەت بۆ زیندانی ورمێ دوورخرانەوەو پاش نزیك بە ٤ مانگ دووبارە بە هۆكاری ناڕوون بۆ زیندانی مەهاباد گەڕێندرایەوە. فاڕووق سامانی لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردووە چۆته‌ سێهەمین ساڵی بەندكرانی، بێ ئەوەی كە لەم ماوەیە تەنانەت بۆ یەك جاریش مەرەخەسیان دابێتێ.