کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كوژرانی ٣٠٠ دیلی كوردی ئیزەدی لە لایەن داعشەوە

06:09 - 14 بانەمەڕ 2715

ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی داعش ٣٠٠ كەس لە دیلە كوردە ئیزەدییەكانی لە باكووری عێراق كوشت. كوشتاری بەكۆمەڵی ئەم دیلە ئیزەدییانە، شەوی هەینی ١١ی بانه‌مه‌ڕ لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی داعش، لە ڕۆژهه‌ڵاتی شاری مووسڵ ڕووی داوە. حیزبی "ئیزەدییه‌کانی پێشه‌نگ" بە دەركردنی ڕاگەیەندراوێك ئاشکرای کردوه‌ كە ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی داعش شەوی هەینی، ٣٠٠ كەسیان لەو ئیزەدییانه‌ی پێشتر‌ به‌ دیل گرتبوو، لە نزیك تەل عەفەر كوشتوویانن. ئوسێل نوجەیفی" پارێزگاری پارێزگای نەینەوا وێڕای پشتڕاستكردنەوەی هەواڵی كوشتاری ئەم دواییانەی ئیزەدییەكان، ئەمەی بە هەوڵێكی دڕندانەو جینایەتكارانە لە لایەن داعشەوە ناو بردوه‌. ناوبراو ده‌لێ تا ئێستاش ڕوون نەبۆتەوە كوژرانی ئەم دیلە ئیزەدییانە بە چ شێوەیەك بووەو بۆچی لەم كاتەدا كوشتوویانن، بەڵام بەپێی كۆمەڵێك ڕاپۆرتی دیكە باس لەوە دەكه‌ن كە گرووپی داعش ئەم كەسانەی بە تۆڵەی ڕاكردنی گرووپێك لە ئیزەدییەكان لە مانگی ڕابردوودا كوشتووە. مانگی ڕابردوو نزیكەی ٧٠ كەس لە ئیزەدییه‌ گیراوه‌کان لە باكووری شاری تەلەعفەر لە بەر دەستی داعش ڕایان‌كرد و خۆیان گەیاندە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان. هێزەكانی داعش پاش هێرش بۆ سەر شەنگال تا ئێستا بە هەزاران كەس لە ئیزەدییەكانیان كوشتووە یان بە دیلیان گرتوون‌و كۆمەڵێكی یەكجار زۆریشیان لە ژنانی ئیزدەی ناچار بە كۆیلەتیی ڕەگەزی كردووە و بەپێی دوایین لێكدانەوەكانیش لە حاڵی حازردا بە هەزاران كوردی ئیزەدی كە داعش ئەوان بە كافر دەناسن، هەروا دیلی بەر دەستی ئەم گرووپەن.