کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران هه‌موو ساڵێ بایی ١٠٠ میلیۆن دۆلار چارشێوی ڕەش هاوردە دەكا

05:23 - 15 بانەمەڕ 2715

ئێران بۆ کڕین‌و هاوردەكردنی چارشێوی ڕەش كە بەڕای عەلی خامنەیی، ڕێبەری كۆماری ئیسلامی "باشترین حیجابە"، ساڵانە ١٠٠ میلیۆن دۆلار، واته‌ پتر له‌ ٣٠٠ میلیارد تمەن خەرج دەكا. عەلیڕەزا حائیری، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەسازییەكانی ڕستن‌و چنین، ڕۆژی دووشەممە ١٤ی بانەمەڕ بە هەواڵدەریی تەسنیمی ڕاگه‌یاند كە سەدی ٩٠ ئەم چارشێوە ڕەشانەی كە لە ئێران كەلكیان لێ وەردەگرن، لە دەرەوەی وڵاتەوە هاوردە دەكرێن. بەقسەی حائیری، ئێران لە ساڵدا ٧٠ میلیۆن میتر پارچەی ڕەش بۆ چارشێو بە كار دێنێ، بەمەش پلەی یەكەمی بەكارهێنانی ئەم جۆرە پارچەی لە ئاستی جیهانی هه‌یه‌. ئه‌و ده‌ڵێ ئێران زۆرتر پارچەی چارشێوی ڕەش لە سوئیس، ژاپۆن، كۆرە، تایلەند، ئەندۆنێزی و ڤیەتنامه‌وه‌ هاوردە دەكا. بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەسازییەكانی ڕستن‌و چنین پێشنیاری كردووە كە چارشێوی ڕەش لە نێوخۆی ئێراندا بەرهەم بێنن تا ساڵانە بە چەندین میلیارد دۆلار دراو بۆ نێوخۆی وڵات بگه‌ڕێته‌وه‌.. ئه‌و ده‌ڵێ لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین كارخانەی بەرهەمهێنانی پارچەی چارشێوی ڕەش لە ئێران دامەزران، بەڵام به‌شێکی زۆر له‌وان به‌هۆی قه‌یرانی ئابووری‌و بێ تواناییان له‌ ڕکه‌به‌ری له‌گه‌ڵ بازاره‌ جیهانییه‌کاندا داخران.