کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆمارکردنی ١٩ حاڵەتی تەڵاق لە هەر كاتژمێرێكدا لە ئێران

05:31 - 15 بانەمەڕ 2715

سەرۆكی ئەنجومەنی یارمەتیده‌رانی ئێران وێڕای ڕاگەیاندنی ئه‌وه‌ی که‌ لە هەر كاتژمێرێكدا ١٩ حاڵەتی تەڵاق لە ئێراندا ڕوو ده‌ده‌ن، گوتی سه‌رڕێژی قه‌یرانه‌ سیاسی‌و ئابوورییه‌کان پرسه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی خستۆته‌ ژێر کاریگه‌ریی خۆیانه‌وه‌. سەید حەسەن مووسەوی چلێك وێڕای ئاماژە بەوەی كە بەو سیاسه‌ت‌و به‌ڕیوه‌به‌رییه‌ی ئێستای دەوڵەت ناكرێ مودیرییه‌تی كاروباری كۆمەلایەتی بكرێ، گوتی: زۆر پڕۆژه‌و گه‌ڵاڵه‌ی وەك سەهامی عه‌داڵەت، مەسكەنی مێهر و یارانە‌کان‌و بەبێ سەرنجدان بە زه‌رووره‌ته‌ ژیانه‌که‌ییه‌ كۆمەڵایەتی‌و فەرهەنگییەكان خرانه‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌، بەبێ ئەوەی كە تاوتوێی دەرەنجامە فەرهەنگی‌و كۆمەڵایەتییەكان بكرێ. ناوبراو وێڕای ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ژماره‌و بارستایی پەروەندە قەزاییەكان لەم ئێران گوتی: بەپێی دوایین ڕاپۆرتەكان مادده‌ی هۆشبه‌رو ئیعتیاد خۆی خزاندۆته‌‌ قوتابخانه‌کانیش‌و ئاماره‌ ڕه‌سمییه‌کان ده‌ڵێن نزیكەی ٢ میلیۆن و ٣٠٠ هەزار كەس لە ئێران موعتادن. مووسەوی وێڕای باسكردنی ئەم مەسەلە كە بارودۆخی تەڵاق‌و ژنهێنان لە ئێران هیچ باش نییە، وەبیری هێنایەوە كە، لە ئێران لە هەر كاتژمێرێكدا ١٩ ژیانی هاوبه‌ش لێک ده‌ترازێن. ناوبراو جەختی كردەوە، سەرەڕای بوونی شووراكانی چارەسەری كێشە( شورای حل اختلاف)، ئاماری زیندانییان لەم وڵاتە جێگەی سەرنج‌و تێڕامانە و توندوتیژیی بنەماڵەیی هیچ لە كەمی نەداوەو لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕوانگەیەكی دروست بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشانه‌ نه‌بوه‌و بەردەوام ڕوانگەی سیاسی و ئەمنیەتی بەسەر ڕوانگەی كۆمەڵایەتی‌و فەرهەنگیدا زاڵ کراوه‌. مووسەوی وێڕای ڕاگەیاندنی ئەوەش كە لە به‌شی كۆمەڵایەتیدا ڕەوتەكە هیج پێشكەوتنی بەخۆیەوە نەبینیوه‌، گوتی: به‌ زۆربوونی تەلاق ژماره‌ی ژنانی سەرپەرسیتی بنەماڵەش گەیشتۆتە 2 میلیۆ‌ن‌و ٥٦٠ كەس‌و ئه‌وه‌ش کۆمه‌ڵێک خه‌ساری دیکه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی هێناوه‌.