کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی سەرچاوەی ماڵی بۆ بیمەکردنی ٢ میلیۆن ژنی سەرپەرستی خێزان له‌ ئێران

14:34 - 16 بانەمەڕ 2715

بیمەکردنی ٢ میلیۆن ژنی سه‌رپه‌رستی بنەماڵە بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی ماڵی پشتگوێ خراوه‌. عەلی ساڵحی، ئەندامی كۆمیسیۆنی كۆمەڵایەتیی مەجلیس دەڵێ هیچ سەرچاوەیەكی دیاریكراوی ماڵی بۆ بیمەكرانی ژنانی سەرپەرستی خێزان نییە، هەر بۆیە ئەم مەسەلە تا ئێستاش ڕاگیراو و كاری بۆ نەكراوە. بەقسەی ناوبراو، بیمەی ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە پێشتر قسەی لەسەر كرابوو، پاشان ژماره‌یه‌کی زۆر که‌م لە ژنانەش بیمە كران، بەڵام ئێستا به‌بیانووی نه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی ماڵی دووبارە بێدەنگەی لێ كراوەتەوە. ساڵحی وێڕای ئاماژە بە بوونی دوو میلیۆن ژنی سەرپەرستی خێزان لە ئێران گوتی: ژماره‌ی ئەم توێژە لە ژنان بە هۆكارە جۆربەجۆرەكان ڕوو لە زیاد بوونەو بەم پێیە كە سەدی ٨٤ تا ٨٥ی ئەم كەسانە بێكارن، نەبوونی بیمە كێشەیەكی زۆری بۆ ساز كردوون، ئەوەش دەبێتە هۆی زیان دیتنی زیاتری ئەم ژنانە. ناوبراو ده‌ڵێ ئەمساڵیش له‌ مه‌جلیس تاوتوێی ئەم بابه‌ته‌ گرینگە دەكرێته‌وه‌، بەڵام ئەوەی كە بە چ ئەنجامێك دەگەن‌و چەند لەم ژنانە بیمە دەكرێن‌و بە چ شێوەیەك سەرچاوە ئیعتیبارییەكان دابین دەكەن، ئه‌وه‌ بۆخۆی بابه‌تێکی دیكەیە.