کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە رۆژی جیهانیی ئازادیی چاپەمەنی‌دا

03:29 - 17 بانەمەڕ 2715

ئێران یەکێک لە گەورەترین زیندانەکانی رۆژنامەنووسانە لە جیهان‌دا ئەگەرچی یەکەمجار فەرانسەوییەکان کە لە داهێنانی زۆربەی چەمکە سیاسییە مۆدێرنەکاندا پێشەنگ بوون، ساڵی ١٨١٩ی زایینی رۆژی یەکی مانگی مایان وەک رۆژی ئازادیی راگەیاندن دیاری کرد، بەڵام بە جیهانی بوونی ئەم بۆنەیە دوو سەد ساڵی خایاند. لە ساڵی ١٩٩٣وە، واتە دوو ساڵ دوای هەوڵی رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور و رۆژنامەنووسانی ئەفریقایی، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان رۆژی ٣ی مای، بەرامبەر ١٣ی بانەمەڕی وەک رۆژی جیهانیی ئازادیی چاپەمەنی دیاری کردوە. ئازادیی چاپەمەنی و راگەیاندن وەک گارانتییەکە لە لایەن دەوڵەتەکانەوە بۆ راگەیەنە گشتییەکان، کە پێش بە بەربەست و ئاستەنگەکانی بەردەم دەربڕینی بیروڕای ئازاد دەگرێ و ماف و ئازادییەکانی راگەیەنەکان و ئەو کەسانەش دیاری دەکا کە شکایەتیان لە راگەیەنەکان هەیە. ئەم مافە لە زۆربەی وڵاتاندا لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتی‌دا دیاریکراوە بۆ ئەوەی پشتیوانی لە ئازادیی راگەیاندن بکرێ. هەموو ساڵێک کە راپۆرتی رێکخراو و بنیاتە جیهانییەکان لەسەر ئازادیی رادەربڕین لە وڵاتانی جیهان‌دا بڵاودەبێتەوە، ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بەهۆی پلەی زۆر نزمی لە کۆتایی خشتەی وڵاتان‌دا و کارنامەی رەشی لە پێشێلکردنی ئازادیی رادەربڕین‌دا دەکەوێتە بەر سەرنجی راگەیەن و رێکخراوە جیهانییەکانەوە. ئێران کە لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی‌دا یەکێک لە داخراوترین وڵاتانی جیهانە کە هاووڵاتییەکانی لە کەمترین ماف و ئازادییە باو و پەسندکراوە جیهانییەکان بێ‌بەشن، لە باری ئازادیی رادەربڕین و راگەیاندنیش‌دا یەکێک لە خراپترین پلەکانی بۆخۆی تۆمارکردوە. رێکخراوی «ماڵی ئازادی» لە راپۆرتێک‌دا کە رۆژی ١٠ی بانەمەڕی ئەمساڵ بڵاوی کردەوە، رادەگەیەنێ لە نێو ١٩٩ وڵاتی جیهان‌دا ئێران پلەی ١٩١ی هەیە. بە پێی ئەم راپۆرتە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زیاترین رۆژنامەنووسی لە زیندانەکان‌دا هەیە. هەروەها رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور لە راپۆرتی ساڵی ٢٠١٥ی خۆیدا ئێرانی لە ریزی ١٧٣هەمین وڵات لە نێو ١٨٠ وڵات‌دا داناوە کە پلەیەک لە خوار سۆمالی و یەک پلە لە سەرەوەی سوودانە. بە پێی ئەم راپۆرتە لانیکەم ١٦ رۆژنامەنووس بە تاوانی کاری رۆژنامەنووسی و راگەیاندن لە زیندانەکانی ئێران‌دا دەسبەسەرن کە ٤ کەسیان دوای هاتنە سەرکاری حەسەن رووحانی وەک سەرۆک کۆمار کەوتوونەتە زیندانەوە. ئەگەر ژمارەی ئەو رۆژنامەنووسانەی لە زیندانەکانی رێژیم‌دا بەسەردەبەن ئەوەبێ کە لە راپۆرتی هەواڵنێرانی بێ‌سنووردا هاتوە، بە وەبەرچاوگرتنی برایانی کوردپوور و محەممەد سەدیقی کەبوودوەند و عەدنان حەسەنپوور، دەبینین کە یەک لەسەر چواری رۆژنامەنووسانی زیندانی کراوی ئێران کوردن کە بە وەبەرچاوگرتنی رێژەی کورد لە ئێران‌دا بۆمان دەردەکەوێ کە لە ژمارەی رۆژنامەنووسانی زیندانی‌کراویش‌دا کورد پشکی شێری پێ‌بڕاوە. پێوەر و پێوانەکانی رێکخراو و بنیاتە جیهانییەکان کە بۆ هەڵسەنگاندنی رێژەی ئازادیی راگەیاندن لە وڵاتە جۆراوجۆرەکان‌دا پشتیان پێ‌دەبەسترێ بەشێکیان بریتین لە بارودۆخی فەرهەنگی، ژمارەی راگەیەنەکان و هەروەها راگەیەنە تایبەتەکان و راگەیەنە دەوڵەتییەکان، جۆری سیاسەت، یاسا و روانگەی دەوڵەت، سەرکوت، کوشتن و زیندانی کردنی رۆژنامەنووسان و ... بە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی وڵاتان بە پێی ئەو پێوەرانەی سەرەوەیە کە وڵاتێکی وەک ئێران کە دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی دەستی بەسەر هەموو لایەنە گشتی و تایبەتەکانی ژیانی خەڵک‌دا گرتوە، دەکەوێتە کۆتایی خشتەکە. لە ئێران راگەیەنی سەربەخۆ بوونی نیە و هەموو دەزگاکانی راگەیاندن دەبێ لە خزمەت بڵاوکردنەوەی ئیدئۆلۆژی و بیروبۆچوونەکانی رێژیم‌دا بن. تەنانەت ئەو رۆژنامانەش کە دوای تێپەڕین لە چەندین فیلتێر رێگەی بڵاوبوونەوەیان پێ‌دەدرێ بە بچووکترین رەخنە لە دەسەڵات دادەخرێن و رۆژنامەنووسانی دەگیرێن یان بێکار دەکرێن. ئینتێرنێت لە پاوانی سپای پاسداران و دەزگا ئەمنیەتییەکانی رێژیم‌دایە و ساڵانە بە میلیۆن دۆڵار بۆ کڕینی بەرنامە و کەلوپەلی سانسۆر و سیخوڕی کردن بەسەر پێوەندییەکانی خەڵک لە رێگەی ئینتێرنێتەوە خەرج دەکرێ. رێژیم هەوڵ‌ دەدا لەم رێگەیەوە پێش بە گەیشتنی زانیارییەکانی نێوخۆی ئێران بە خەڵکی جیهان و، بە پێچەوانەوە هەواڵ و زانیارییە سەربەخۆکان بە خەڵکی ئێران بگرێ. تەنانەت هەوڵدان بۆ دامەزراندنی ئینتێرنێتی میللی و جیاکردنەوەی تۆڕی ئینتێرنێتی نێوخۆی ئێران لە تۆڕی جیهانیی ئینتێرنێت هەر بەم مەبەستەیە. بڕینی دەنگی راگەیەنەکان و سانسۆڕ و سەرکوت و گرتنی رۆژنامەنووسان لە لایەن رێژیمەوە بۆ ئەوەیە کە لە لایەک هەواڵی سەرکوت و پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵک لە نێوخۆی ئێران بە جیهان نەگا و لە لایەکی دیکەوە رێگەی گەیشتنی هەواڵ و زانیاری بە خەڵکی ئێران بگرێ و لە باری فەرهەنگییەوە خەڵک لەو ئاستەدا رابگرێ کە وەرگری ئیدئۆلۆژی و بۆچوونە کۆنەپەرستانەکانی رێژیم بمێننەوە و بەمجۆرە گەرەنتیی مانەوە و دەوامی دەسەڵاتە کۆنەپەرست و سەرەڕۆیەکەی خۆی بکا. لە ژماره‌ ٦٥٥ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌