کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فستیڤاڵی کولتووری‌وکۆنگرەی سیاسی، ناتوانن ڕووی دزێویی خەیانەت‌و خۆفرۆشی، بشارنەوە

14:06 - 17 بانەمەڕ 2715

لە ساڵێک لەمەوبەرەوە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی زنجیرەیەک بەرنامە‌و چالاکیی سیاسی‌و تەبلیغاتیی بە مەبەستی ئاوڕدانەوە لە خەیانەت و خۆفرۆشیی دەستوپیوەندەکانی خۆی لە کوردستان دەست پی کردوە . قەرار وایە چڵەپۆپەی ئەو بەرنامە‌و چالاکیانە لە ژێر ناوی "کۆنگرەی پێشمەرگانی موسولمانی کورد" لە ٢٨ی بانەمەڕ دا لە شاری سنە بەڕێوە بچێ. لە چوارچێوەی ئەم زنجیرە چالاکیانە دا، سوپای پاسداران لە لایەکەوە یادی ئەو کوردە خۆفرۆشانە دەکاتەوە کە لە دژی بزووتنەوەی کوردستان چەکی ڕێژیمیان هەڵگرت‌ولە هێرش بۆ سەر هیزی پێشمەرگەی کوردستان دا، گیانیان لە دەست دا. لە لایەکی دیکەشەوە، بە دابەشینی دیاری‌و پاداش بە سەر چەکدارە کوردەکانی ناسراو بە جاش‌وبنەماڵەکانیان ‌و پێهەڵگوتن بە خەیانەت و خۆفرۆشیی ئەوان، خەلکی کوردستان بە تایبەتی لاوەکان بۆ هاوکاری لە گەڵ سوپای پاسداران‌و هەڵگرتنی چەک لە دژی خەباتی ئازادیخوازیی نەتەوەکەیان، هان بدا. عەلی مرادی یەکیک لە بەرپرسانی دەنگ‌و رەنگی کۆماری ئیسلامی لە پارێزگەی کوردستان، لە دانیشتنێکی تایبەت بە بەرنامەڕێژیی کۆنگرەی جاشە کوردەکان‌دا دانی بەوە دانا کە لە ناوەند‌و باکووری ڕۆژاوای وڵات، ڕوانگە‌و بانگەشەیەکی باش لە بارەی "خۆراگری وخۆبەختکەریی چەکدارە کوردەکان" نەبووە. شایانی وەبیر هێنانەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بە ئاگاداری لە بێزراوبوونی خەیانەت‌و پیشەی جاشەتی لە نێو خەڵکی کوردستان‌و بە سەرنجدان بە خۆشەویستیی ناوی پێشمەرگە، زیاتر لە ٣٥ ساڵە ناوی "پێشمەرگەی موسوڵمان'ی لە سەرچەکدارە کوردە بەکرێگیراوەکانی خۆی داناوە‌و بە ڕوالەت ڕێکخراوێکیشی هەر بەو ناوە بۆ پیک هێناون! ئیستاش دەیەوێ فستیڤاڵی کولتووری‌و کۆنگرەی سیاسی بۆ ئەو بەکریگیراوانەی خۆی پێک بێنێ تا وا نیشان بدا ئەو چەکدارە کوردانە نەک ژمارەیەک بەکریگیراو، بەڵکوو هیزێکی سیاسیی خاوەن ڕێکخراو و بەرنامەی سیاسی‌و کۆنگرەن‌و بە هۆی سیاسییەوە پشتیوانی لەو ڕێژیمە دەکەن.