کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریكا خوازیاری "گەڕانەوەی ئوتوماتیکی" گەمارۆكانی سەر ئێرانه‌

14:43 - 17 بانەمەڕ 2715

دانووستانەكانی نوێنەرانی ئێران‌و وڵاتانی ١+ ٥بۆ نووسینی دەقی كۆتایی ڕێككەوتنامەی نێوان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی كۆماری ئیسلامی هەروا درێژەی هەیەو ئامریكا خوازیاری گونجاندنی میكانیزمێكە كە له‌ ئه‌گه‌ر سه‌رکێشیی ئێراندا گەڕانەوەی ئوتوماتیکی گەمارۆكان بەبێ پێویستیی ده‌نگدانی ڕووسیە‌و چین مسۆگەر بكا. سامانتا پاوێر، نوێنەری ئامریكا لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە لێدوانێكدا بۆ كاناڵی هەواڵدەریی بلۆمبێرگ گوتی، ئامریكا بە تەمای میكانیزمێكە كە گەڕانەوەی ئوتووماتیكی گەمارۆكانی سەر ئێران ده‌سته‌به‌ر بكا بی ئەوەی كە پێویستی بە ڕەزامەندیی ڕووسیە‌و چین وەك دوو ئەندامی هەمیشەیی شوورای ئەمنیەتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هەبێ. ئەم دوو وڵاتە كە مافی ڤێتۆ كردنیان هەیە، لە شەڕی نێوخۆیی سووریەدا ڕێگرییان لە پەسندكرانی هەر چەشنە گەمارۆیەك شوورای ئەمنیەت‌دا بەدژی ڕێژیمی به‌شار ئەسەد كرد. ئێستاش ئامریكا بەدوای میكانیزمێكە كە لە ئەگەری پێبەند نەبوونی كۆماری ئیسلامی بە ڕێككەوتنی ئەتۆمیدا، گەرەنتیی گەڕانەوەی گەمارۆكان بەبێ ڕەزامەندیی شوورای ئەمنیەت بكا. هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ئەم مەسەلەی بە یەكێك لە سەرەكیترین كێشەكانی دانووستانە ئەتۆمییەكان ڕاگەیاندووە. گرووپی ١+٥ و ئێران كە لە سەرەتای مانگی ئاوریل لەسەر چوارچێوەی ڕێككەوتنامەی ئەتۆمیی بە لێك تێگەیشتنێك گەیشیتبوون، بڕیارە تا كۆتایی مانگی ژوئەن دەقی ئەم ڕێككەوتنامەیە ئامادە بكەن. بەپێی گەڵاڵەی سەرەكیی ئەم ڕێككەوتنامەیە، ئێران ئەركدار دەكرێ لە ١٠ ساڵەی یەكەمی پاش ئەم ڕێككەوتنە، بڕی پیتاندنی ئۆرانیۆم‌و پاشکه‌وته‌کانی خۆی تا ئاستی ١ لە ٣ كەم بكاتەوە.