کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دەربڕینی مامۆستایانی قوتابخانەکان لە کوردستان

02:15 - 18 بانەمەڕ 2715

بۆ جارێکی دیکەش مامۆستایانی قوتابخانەو خوێندگەکانی زۆربەی شارەکانی کوردستان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕینیان بە بارودۆخی پیشەو مافەکانیان‌و وەڵامنەدانەوەی دەوڵەت بە داواکانیان لە بەر دەم ئیدارەی فێرکردن‌و پەروەردەدا کۆبوونەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17 ی بانەمەڕ بەبەشداریی دەیان مامۆستای قوتابخانەو خوێندگەکانی زۆربەی شارەکانی کوردستان بەرێوەچووە، لە دژی هەڵاواردن‌و ناعەداڵەتی لە سیستەمی فێرکردن‌و پەروەردە‌و بێ کیفایەتیی بەڕێوەبەرانی ئەو ئیدارەو وەزارەتە قسە کراوەو بەشدارانی کۆبوونەوەکە داوای بەدواداچوونی کێشەو گرفتی خۆیان وەک توێژی فەرهەنگیی کۆمەڵگا کرد. بەپێی ئەو راپۆرتانەی لە شاری بۆکان، دیواندەرە، سنە، پیرانشارو سەقز بە دستمان گەیشتوون، پێڕاگەیشتن بە گوزەرانی مامۆستایان، خوێندنەوەی پلەو پایەی کۆمەڵایەتییان، پێدانی مافی بەرامبەر لەگەڵ کارمەندەکانی دیکەی دەوڵەت، خوێندن بە زمانی دایکی‌، چاکسازی لە سیستەمی پەروەردە بەشێک لە داوای ئەو مامۆستایانە بووەو ئەوە چەندەمین جارە کە لەو پێوەندییەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دەربڕین وەڕێ دەخەن. هاوتا کردنی مووچە، رێزگرتن لە پیشەی مامۆستایەتی، گەڕاندنەوەی گەورەیی‌و پیرۆزیی بۆ مامۆستا، دابین کردنی دادپەروەریی بەشیک لەو دروشمانە بوون کە ئەمڕۆش لەلایەن مامۆستایانی کوردەوە پێداگرییان لەسەر کراونەتەوە. پەیامنێرانی کوردستان‌و کورد کە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان لە نیزکەوە ئاگایان لەو کۆبوونەوانە بووە، دەڵێن لە زۆربەی ئەو شارانەدا هێزە ئەمنیەتییەکان حزوریی بەرچاویان بووەو هەوڵی رێگریی لە خۆپیشاندەرانیان داوە. لە حاڵێکدا مامۆستایانی قوتابخانەو خوێندگەکانی بۆکان وەک هەموو شارەکانی دیکە خۆیان بۆ بەردەوامیی مانگرتنەکانیان رێک دەخەن، نوێنەری ئەو شارە دەڵێ ئەو کۆڕو کۆبوونەوانە بە زەرەری مامۆستایانن. پێشتریش قەسیم عوسمانی، نوێنەری شاری بۆکان بە هەڕەشەکردن لە مامۆستایان گوتبووی ناڕەزایەتی دەربڕینی مامۆستایان جێبەجێبوونی ویست‌و داواکانیان دوا دەخا. قەسیم عوسمانی گوتبووی ڕاستە داوای مامۆستایان‌و فەرهەنگییەکان ڕەوا‌و حەقی ئەوانە، بەڵام داواکردنی داوا بە ڕێگای ناقانوونی کێشەیان بۆ دروست دەکاو جێبەجێبوونی داواکانیان دوا دەخا، بەڵام ناوبراو نەیگوت لە کوێ ناڕەزایەتی دەربڕین و داواکردنی مافی سینفییەکان ناقانوونییە. شایانی باسە بەردەوامیی ئەو کۆبوونەوانە لە حاڵیک دایە کە رۆژی پێنجشەممە، 27 ی خاکەلێوەو پێشتر لە ١٠ی رەشەممەی ساڵی ڕابردووشدا مامۆستایانی زۆربەی شارەکانی کوردستان بەشداری ئەو کۆبوونەوە سەرتاسەرییەی مامۆستایان بوون کە بۆ بەدواداچوونی ئەو مافانە رێکخرابوون.