کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یه‌کیه‌تیی لاوان: لاوانی رۆژهەڵات وریان‌و بە تێڕوانینێکی نەتەوەییه‌وه‌ لەرووداوەکانی دەورووبەریان دەڕوانن

19:22 - 18 بانەمەڕ 2715

خەڵکی نیشتمان پارێزی کوردستان! لاوان و ژنانی ئازا و بە هەڵوێست! دوای ئەوەی لەهۆتێلێکی شاری مەهاباد کیژێکی کورد بەهۆی پیلانگێڕی و زات پیسی دارودەستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرا و پارێزگاری لە کەرامەت و داوێن پاکی خۆی کرد، خەڵکی شاری مەهاباد وەکوو هەمیشە راپەرین و خۆیان لە فەرینازی جوانەمەرگ و کەرامەتی، کردە خاوەن. دوێنێ لەرۆژهەڵاتی کوردستان و لەمەهابادی قازیدا راپەرینێک دەستی پێکرد، کە لەزۆر رووەوە بۆ لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان جێگەی هەڵوێستە لەسەر کردنە. لەناڕەزاییەتییەکانی شاری مەهاباد دا لاوان دەوری پێشەنگ و پێشڕەویان هەبوو، هەر بۆیەش لەزۆر رووەوە پەیام و ئاماژەی گرنگ بەنوخبەی سیاسیی و پارتە سیاسییەکانی رۆژهەڵات دەدات. لاوانی رۆژهەڵات وریان و بە تێڕوانینێکی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە لەرووداوەکانی دەورووبەریان دەڕوانن، ئێمە وەکوو یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام وتوومانە کە خاک و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بنەمای فیکری و تێکۆشانمانە، ئەمجارەش لاوان دووپاتیان کردەوە کە وەکوو چۆن لەناو ئەو سیستەمە زاڵمەدا ئەرکی نیشتمانی خۆیان نیسبەت بەخاک لەبیر نەکردووە و ژینگەی خاکەکەیان دەپارێزن، هاوکات ئامادەن لەهەموو حاڵەتێکدا کەرامەتی خەڵکەکەشی بپارێزن، و لەهەمبەر کوشتنی لاوان بەدەستی دارودەستە خۆفرۆش و خائینان بە کوردستان بێدەنگ نابن. دەستی بەهیممەتتان دەکوشین و کڕنۆش بۆ ورە و نەبەزیتان دەبەین. لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان! ئێوە لەو ماوەیەدا چەندین جار دووپاتتان کردەوە کە بۆ هەموو ئەگەرێک بۆ هەڵگریساندنەوەی شۆرش ئامادەن، چەندین جار بەگوێتان داداین کە هەوێنی دەستپێکی شۆڕش لەرۆژهەڵات ئامادەیە، زۆریش کوردستانیبوونتان لەپرسەکانی شەنگال و کۆبانێ دووپاتکردەوە. ئێوەی لاوانی رۆژهەڵات شێلگیرانە هەنگاوتان ناو و نەوەستان و پارێزەرانی رۆژهەڵاتتان لەناوخۆ پێکهێنا و هەر زوو بەڵێنی ئەوەتان بەخەڵکی رۆژهەڵاتتدا کە چیتر قبووڵی هیچ بێڕێزی و بێحورمەتی و پیلانگێڕی کۆماری ئیسلامی ئێران ناکەن، بەحەقیش دوێنێ لەمەهاباد هەنگاوی شۆڕشگێرانەتان هاویشت. لەگەڵ هەموو ئەوانەش ئەوە دەستپێکە و شۆرش لەرۆژهەڵات زۆری بەبەرەوە ماوە، ئێوەی لاوان دیسان پێشدەستیتان کرد و بەردەوامیتان کۆماری سێدارەی ئێران دەلەرزێنێت و هەنگاوەکانی مردنی خێراتر دەکات، بەڵام گەیشتن بەدوا وێستگە بەرنامە و ستراتیژی حیزبە سیاسییەکان و کارو کرداری نوخبەی سیاسی و مەدەنی دەوێت، ئەگەر ئەوان بەئەرکی خۆیان هەڵنەستن، راپەرینەکەتان تووشی گرفت و لەمپەری گەورە دەبێت، هەموومان دەبێ بەئەرکی مێژوویی خۆمان هەستین و هەر خۆدزینەوە و هەڵەیەک، بەرپرسیارییەتی مێژووییمان دەخاتە ئەستۆ. لاوانی سەربەرزی رۆژهەڵاتی کوردستان! گەیشتن بە ئاواتی دێرینی رۆژهەڵاتی کوردستان لەهەنگاوی یەکەمەوە دەستپێدەکات، ئێوە هەنگاوەتان هاویشت و چەندینجار پەیامتان بەهەمووماندا، دڵنیابن لاوانی پارێزەری رۆژهەڵات لەناوخۆ قەڵغانێکی باشن بۆ خەڵکی کوردستان و یەکیەتییەکەتان واتا یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لە کۆڕوکۆبوونەوە نێونەتەوەییەکان پشتیوانی کۆدەکاتەوە و رەوایی دۆزی کورد بە رێکخراوەکانی لاوانی جیهان دەگەیەنێت و لەناوخۆی رۆژهەڵاتیشدا وەک پێشتر سەلماندوومانە، ئێستا و داهاتووش بەشێک دەبین لە چالاکییە مەدەنی و چەکدارییەکان و تا گەیشتن بە ئامانجیش لەگەڵتان بەردەوام دەبین. یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان هەیئەتی ئیجرایی ٨/٥/٢٠١٥ ١٨/٢/٢٧١٥