کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بۆ هەموو ڕێکخراو‌و دامەزراوە جیهانییەکانی بەرگری لە مافی مرۆڤ

11:55 - 24 بانەمەڕ 2715

ناڕەزایەتی دەربڕینی هەزاران کەسیی ڕۆژی ٧ی مای ئەمساڵی خەڵکی مەهاباد لە پێوەندی لە گەڵ تاوانی گیانلەدەستدانی خانمی فەریناز خوسرەوانی لە یەکێک لە هوتێلەکانی ئەم شارە، لە گەڵ توندوتیژی نواندنی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوو بوو. تەقەی هێزە حکوومەتییەکان لە خۆپێشاندەران، برینداربوونی چەندین کەسی لێکەوتەوە. هێندێک لەو بریندارانە لە دۆخێکی ناجێگیر دان‌و مەترسیی گیانلەدەستدانیان لە سەرە. زیاتر لە ١٠٠ کەس لە لاوانی خەڵکی ئەو شارە بە تاوانی بەشداری لە خۆپێشاندانەکە، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە گیراون‌و چارەنووسیان ناڕوونە. هێندێک لە بریندارەکانیش بۆ ئەوەی نەکەونە دەست هێزە ئەمنییەتییەکان‌و لە جیاتی دەرمانکران بە برینداری ڕەوانەی بەندیخانە نەکرێن، نەیانوێراوە خۆیان بە نەخۆشخانەکان بناسێنن. بە دوای سەرکوتی خوێناویی خۆپێشاندانی مەهاباد، خەڵکی ژمارەیەک لە شارەکانی کوردستان، بە نیازی هاودەردی لە گەڵ خەڵکی ئەو شارە‌و پشتیوانی لە داخوازەکانیان، هەوڵیان دا ڕێپێوان‌و کۆبوونەوەی هێمنانە بکەن. لە سەردەشت ڕێپێوانی ژنان‌و لاوانی ئەو شارە کەوتە بە پەلاماری هێزی چەکداری حکوومەتی‌و تەنانەت تەقەیان لێ کرا. کۆمەڵێکی ١٥-٢٠ کەسیشیان قۆڵبەست کراون کە زۆربەیان هەتا ئەم کاتەش لە دەستبەسەری دان. لە شارەکانی دیکەش لە ماوەی چەند ڕۆژی رابردوو‌دا ژمارەیەک لە چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکان گیراون. ئێستا جگە لەوەی شەپۆلی گرتن‌و ڕاوەدوونان لە شارەکانی کوردستان بەردەوامە، کەشوهەوایەکی پۆلیسی‌و نیزامی بە سەر شارەکان‌دا زاڵ کراوە. ڕێگە بە هیچ کۆبوونەوە‌و ڕێپێوانێکی هێمنانە بە مەبەستی پشتیوانی لە خەڵکی مەهاباد نادرێ. کۆنترۆلێکی توند خراوەتە سەر پێوەندییە تەلەفۆنییەکان‌و کۆسپ دەخرێتە سەر ڕێی دەستڕاگەیشتنی هاونیشتمانان بە هێڵی ئەنترنێت. هێندێک لە بەندییە سیاسییەکان‌و یەک لەوان "مەنسوور ئاروەند" کە حوکمی ئێعدامی بە سەر‌دا سەپێندراوە، لە شوێنی خۆیان راگوێزراون‌و نیگەرانیی ئەوە هەیە کۆماری ئیسلامی بۆ چاوترساندنی خەڵک، وەک زۆر جاری دیکە، پەنا بباتە بەر ئێعدامی بەندییەکان. لەم بارودۆخەش‌دا، دەزگا ئەمنییەتییەکان لە دەستبەسەرکردنی پێشەنگانی بزووتنەوەی کرێکاری‌و بانگ کردنی ئەو مامۆستایانە غافڵ نین کە لە مانگرتنەکانی ئەم دوایانە بە مەبەستی خستنەڕووی داخوازە سینفییەکانیان بەشدار بوون. لەم بارودۆخە هەستیارە‌دا، بە پیویستی دەزانین، دامەزراوە‌و ڕێکخراوەکانی بەرگری لە مافی مرۆڤ‌و بیروڕای گشتی لەو سەرکوت‌و هەڕەشانە ئاگاداربکەینەوە کە خەڵکی کوردستان بە تایبەتی چالاکانی بەشدار لە حەرەکەتە ئێعتڕازییەکان لە گەڵیان بەروڕوون. ئێمە سەرنجتان بۆ لای چارەنووسی بەندکراوان‌و بریندارەکانی ڕووداوەکانی ئەم دوایانە رادەکێشین. هەر وەها چارەنووسی دەیان بەندیی سیاسیی کورد لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیتان‌دا وەبیردێنینەوە کە چەندین کەس لەوان، حوکمی ئێعدامیان بە سەردا سەپێندراوە‌و هیچ دوور نییە ئەو ڕێژیمە بۆ چاوترساندنی خەڵک، گیانیان لێ نەستێنێ. وەبیریشتان دێنینەوە هەر لە کۆنەوە ستاندنی گیانی ئینسانە بێتاوانەکان‌و بێسەروشوێنکردنی جیابیران‌و ناڕازییان لە کوردستان لە لایەن دەزگا ئەمنیەتییەکان‌و هێزە چەکدارەکان بە داخەوە ڕەواڵیکی ئاسایی بووە. هەر بۆیە ئەگەر گوشاری نێودەوڵەتی‌و چاوەدیرێیەکی جیهانی لە سەر ئەو ڕێژیمە‌و ڕەفتار‌و کردەوەکانی لە کوردستان نەبێ، بە خەیاڵیکی ئاسوودەتر درێژە بە سەرکوتی خەڵکی وەزاڵەهاتوو‌و خنکاندنی دەنگی ناڕازیی ئەوان دەدا. حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ئێوە‌و هەموو داکۆکیکەرانی مافی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان داوا دەکا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە دەستبردن بۆ سەرکوت‌و توند‌وتیژی لە ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ خەڵکی ناڕازیدا و، بە بۆنەی ڕێگەنەدان بە نارەزایەتیدەربڕینی هێمنانەی خەڵک، بخەنە ژێر گوشار‌و ناچاری بکەن دەست لە کوشتن‌و گرتن‌و بەندکردنی ڕۆڵەکانی خەڵکی کوردستان هەڵ بگرێ. وەدەنگهاتنی بە وەختی ئێوە، خەڵکی داواکاری ئازادی، دیموکراسی‌و مافە نەتەوەییەکان لە دەستدریژی‌و سەرکوت‌و تۆڵەستاندنەوە دەپارێزێ. ١٤ی مای ٢٠١٥ ٢٤ی بانەمەڕی ١٣٩٤