کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی ڕووحانی بەشوێن بڕینی یارانە لە ٦ میلیۆن كەسی دیكەیه‌

12:50 - 7 جۆزەردان 2715

ڕاوێژكاری سەركۆماری ئێران، باسی لە پەسندكرانی ئاییننامەی بڕینی یارانە لە كەسانی پڕداهات كردوە‌و ده‌ڵێ ئامانجی دەوڵەت سڕینەوەی ناوی ٦ میلیۆن كەس لە لیستەی یارانەكانە. مۆحسێن بەهرامی، ڕاوێژكاری سەركۆماری ئێران ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی جۆزەردان ڕایگەیاند كە دەوڵەت بە پەسندكرانی ئاییننامەی جێبەجیكردنی خاڵی ٢٠ی قانوونی بوودجە، چەند خاڵێكی دیکه‌ی بۆ بڕینی یارانە لە كەسانی پڕداهات دیاری كردوە. بەهرامی وێڕای ئاماژە بە ئامانجدار بوونی دەوڵەت بۆ بڕینی یارانە لە ٦ میلیۆن كەس، گوتی: جێبەجێكردنی ئەم گەڵاڵەیە تایبەت بە قۆناغێكی دیاریكراو نییەو بە سەرنجدان بەم ٩ مانگەی كە تا كۆتایی ساڵ ماوە، دەوڵەت بە باشی دەزانێ كە پەلە بكاو پارەیەكی كەمتر بۆ یارانە خەرج بكا. بەپێی ڕاپۆرتەكان، پرۆسەی سڕینەوەی ناوی كەسانی پڕداهات لە لیستەی یارانەكان، لە لایەن وەزارەتی تەعاون، كار و خۆشبژێویی كۆمەلایەتیی دەستی پێ كردوە. لە لایەكی دیكەشەوە، هەواڵدەریی ئیسنا ڕۆژی ٥ی جۆزەردان باسی لەوە كردووە كە هه‌بوونی شوغڵ، ماشێن، معامه‌لەکردن‌و هه‌بوونی مڵک‌و دارایی، لە پێوەرەكانی بڕینی یارانە لە خەڵكن. بەم حاڵەش، كاربەدەستانی دەوڵەتی ڕووحانی ئاماری جیاجیایان لە بابەت ئەم كەسانەی كە ناوەكانیان ڕەش كراوەتەوە، ڕاگەیاندووە. ڕۆژی ٦ی بانەمەڕ، عەلی ڕەبیعی وەزیری تەعاون، كار و خۆشبژێویی كۆمەڵایەتیی ئێران باسی لە بڕینی یارانە لە ٢٠٠ هەزار كەس كردبوو، بەڵام ٥ ڕۆژ بەر لەم ڕێكەوتە، محەممەدباقر نۆبەخت، وتەبێژی دەوڵەت پێداگری كردبوو كە یارانەیان لە هیچ گرووپێك نەبڕیوە. پێشتریش مستەفا ئەفزەلی فەرد، وتەبێژی كۆمیسیۆنی ئەسڵی ٩٠ی مەجلیس، لە مانگی پووشپەڕی ٩٣، لە ڕاپۆرتی ئەم كۆمیسیۆنەدا باسی لە سەرپێچییەكانی دەوڵەتەكانی دەیەم‌و یازدەیەم لە بابەت جێبەجی كردنی قانوونی ئامانجدار كردنی یارانەكان كردبوو. بەم حاڵەش كۆمیسیۆنی بەرنامە و بوودجەی مەجلیسی ئێران ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێكدا پەردەی لەسەر لادانەكانی دەوڵەتی ڕووحانی لە جێبەجێ كردنی ئەم قانوونە لە ماوەی ٦ مانگەی سەرەتای ساڵی ٩٣ لادابوو و ئەم لادانانەی بە نەبڕینی یارانە لە توێژی پڕداهات و پێنەدرانی یارانەی یارمەتی كردن بە بەرهەم هێنان ڕاگەیاندبوو.