کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كوژرانی ئەفسەرێكی دیکه‌ی سپای پاسداران لە حەلەب

12:55 - 7 جۆزەردان 2715

کوژرانی هێزه‌کانی سپای پاسداران له‌ سووریه‌ به‌رده‌وامه‌. ڕاگەیەنەكانی سەر بە سپای پاسدارانی ئێران دانیان به‌ كوژرانی ئەفسەرێكی دیکه‌ی سپا بە ناوی "عەلی ئەسغەر شیردڵ" دناوه‌. ئه‌وان ده‌ڵێن ناوبراو له‌گه‌ڵ دوو برای چەكداری پاكستانی بە ناوەكانی "ساجد حوسێن" و "ئەخلاق حوسێن" لە تیپی "زێنەبیوون" لە شەڕ و پێكدادنە نیوخۆییه‌کانی سووریه‌ له‌ شاری حەلەب لە باكووری سووریە کوژراون. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "تەسنیم" سه‌ر به‌ سپای پاسداران عەلی ئەسغەر شیردڵ لە ئەندامانی سپای پاسداران‌، تەمەنی نزیك بە ٤٠ ساڵ و خەڵكی تاران بووەو، هاوکات دوو برای چەكداری پاكستانیش بە ناوەكانی ساجێد حوسێن و ئەخلاق حوسێن لە تیپی زێنەبیون لە تێكهەڵچوونەكانی شاری حەلەب لە باكووری سووریە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا كوژران. هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ناشتنی پاكستانییەكانی دانیشتووی ئێران كە لە سووریە كوژران، دژبەرانی ڕێژیمی ئەسەد فیلمێكیان بڵاو كردۆتەوە كە لە مۆبایلی یەكێك لەم كەسانە لە باكووری حەلەب وەدەست كەوتووە. لەم فیلمەدا چەند دیمەنێك لە ژیانی ڕۆژانەی ئەندامانی تیپی "زێنەبیوون"ی سپای پاسداران لە حەلەب نیشان دراوه‌. لە بەشێكی ئەم گرتە ڤیدۆیەدا یاریی والیباڵ و سەمای شەڕكەرانی زێنەبیوون بە مۆسێقای پاكستانییەوە لە كاتی هاویشتنی ڕاكێت بەرەو دژبەرانیان دەبینرێ. شایانی باسه‌ لە سەرەتای مانگی ئاوریلی ڕابردووشدا که‌لاکی ١٢ كەس بە ڕەگەز پاكستانی لە تێكهەڵچوونەكانی ناوچەی بەسر ئەلحەریر لە پارێزگای درعای باشووری سووریە بردرانه‌وه‌ ئێران‌و لە شاری قومی ئێران ناشتیانن.