کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلی خامنەیی: جگە لە بەرنامەی ناوكی، لە سەر "مافی مرۆڤ"یش تێمان هەڵدەپێچن

15:14 - 7 جۆزەردان 2715

عەلی خامنەیی، ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ لە ئێستا دانوستانەکان لەسەر بەرنامەی ئەتومیی ئێران چەتی تێکەوتوە، بەڵام جگە لە بەرنامەی ناوكی زۆر مەسەلەی دیكە هەن كە ئەگەر لە نێوخۆدا بەهێزیان بكەن لەلایەن رێژژیمەوە چارەسەر دەكرێن. عەلی خامنەیی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی مەجلیس‌دا پێداگری كردەوە كە کاربەدەستانی نیزام دەبێ ئەوە بزانن ئەگەر بابەتە نێوخۆییەكان بە گرینگییەوە وەربگرین، چارەسەری بەرنامەی ناوكی ئاسانتر دەبێەوە. لەم دیدارەدا كە لە دوایین ڕۆژەكانی ساڵی نۆهەمین خولی مەجلیسی شورای ئیسلامی‌دا کراوە، ڕێبەری كۆماری ئیسلامی پێداگری کردەوە كە لەسەر مەسەلەی ناوكی هەر وەك هەڵوێستی پێشووی خۆی هەیەو دەڵێ بە ڕاشكاوی‌و بە زمان و بە نووسراوەش لایەنی بەرامبەرمان لە هەڵوێستمان گەیاندوە. ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، حەوتووی ڕابردوو، دژایەتیی لەگەڵ هەر چەشنە چاوپێکەوتن‌و پشکنینی ناوەندە نیزامییەکانی رێژیمەکەی‌و وتووێژ لەگەڵ بیرمەندانی ناوكیی وڵاتەکەی کردبوو. عەلی خامنەیی هەروەها وێڕای ڕەخنەگرتن لە كۆمەڵگەی جیهانی سەبارەت بە بارودۆخی مافی مرۆڤ‌، گوتی جگە لە بەرنامەی ناوكی، پرسی "مافی مرۆڤ"یش بۆ تێهەڵپێچانی کۆمەڵگای جیهانی لە کۆماری ئیسلامی لە بەر دەمیان دایەوە و ئەوە هەڵەیە پێیان وابێ هەموو کێشەکانی ئێران لەگەڵ ڕۆژاواو ئامریكا پێوەندییان بە بەرنامەی ناوكییەوە هەبێ. شایانی باسە كە قسەكانی عەلی خامنەیی هاوكات لەگەڵ دەسپێكی پێنجەمین‌و نوێترین خولی وتووێژەی ناوكی بە مەبەستی نووسینەوەی دەقی ڕەشنووسی ڕێككەوتنی ئەتۆمی بووە.