کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامانۆ: پشکنینی ناوەندە نیزامییەکانی ئێران یک لە مەرجەکانی ڕێککەوتنی کۆتاییە

15:18 - 7 جۆزەردان 2715

یۆکیا ئامانۆ، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتومی دەڵێ لە ئەگەری ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی کۆتایی نێوان ئێران‌و زلهێزە جیهانییەکاندا، ملدانی ئێران بۆ سەردان‌و پشکنینی ناوندە نیزامییەکانی دەبێ بەشێک لەو رێککەوتنە بێ. یۆکیۆ ئامانۆ لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی فەڕانسەدا پێی لەسەر ئەوە داگرت کە ئێران ملی بۆ جێبەجیکردنی پڕۆتۆکۆلی ئیلحاقیی رێگری لە پەرەپێدانی چەکە ناوکییەکان ڕاکێشاوەو؛ بەپێی نێوەڕۆکی ئەو پڕۆتۆکەلە ئیزنی سەردانی کتوپڕ لە ناوەندە ئەتومییەکانی ئێران‌و ئەگەر پێویست بێ ناوەندە نیزامییەکانی ئەو وڵاتە دەدرێتە ئاژانس. بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتومی دەڵێ پشکنینی ناوەندە نیزامییەکانی ئێران دەبێ بەشێک لەو رێککەوتنە بێ‌و ئەوە لە مەرجە سەرەکییەکانی ساغبوونەوەی کۆتایی بۆ چارەسەری قەیرانی ئەتومیی ئێرانە. ئێران‌و وڵاتانی ١+٥ لە هەوڵی ئەوە دان تا ڕۆژی ١٠ ی پووشپەڕ ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر کێشەی ئەتومیی ئەو وڵاتە ئیمزا بکەن، بەڵام لە ئێستادا بابەتی پشکنینی ناوەندە نیزامییەکانی ئێران بۆتە باسی پڕ هەراو ناکۆکی لەبەردەم پڕۆسەی دانوستانەکاندا. یوکیۆ ئامانۆ بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتومی دەڵێ ئاژانس ئەو مافەی هەیە داوای پشکنینی سەرجەم ناوەندە ئەتومی‌و نیزامییەکانی ئێران بکا. ئەو قسانەی ئامانۆ لە حاڵێک دایە کە عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی‌و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕۆژی چوارشەممەی حەوتووی ڕابڕدوو، ٣٠ ی بانەمەڕ لە زانکۆی ئیمام حوسێنی تاران ڕایگەیاند کە بە هیچ شێوەیەک ئیزنی پشکنینی ناوەندە نیزامییەکانی وڵاتەکەی‌و وتووێژ لەگەڵ زانا ئەتومییەکانی بە ئاژانس نادا.