کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەخنەی ئێران لە ڕاپۆرتی وەرزیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی

05:02 - 10 جۆزەردان 2715

ڕێژیمی ئێران وێڕای دانە بەر ڕەخنەی ڕاپۆرتی وەرزیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، ئەم ڕاپۆرتەی بە" چه‌ندپاته‌بوونه‌وه‌ی ڕاپۆرتەكانی پێشوو"ی ئەم ئاژانسە لە بابەت چالاكییە ئەتۆمییەكانی كۆماری ئیسلامی ناوبردوه‌ و ده‌ڵێ قسە كردن لە بارەی لایەنە نیزامییەكانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بێ بایه‌خن. ڕەزا نەجەفی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، ده‌ڵێ دووپات كردنەوەی تۆمەتەكانی پێشوو لە بارەی "پی. ئێم. دی" واته‌ لایەنە نیزامییەكانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، تەنیا نیشانەی بێ بایه‌خبونی ئەم بەشە لە ڕاپۆرتەكەی ئاژانسە. بەقسەی ناوبراو، هەڵسەنگاندنی ئەم ڕاپۆرتە لەگەڵ ڕاپۆرتەكانی پێشوو، بۆ جارێكی دیكە دەری‌دەخا كە ئاژانس هیچ قسه‌یه‌کی نوێی پێ نەبووەو جگە لە دووبارە كردنەوەی تەوەری ڕاپۆرتەكانی پێشوو كە دیارە تەنیا ڕێژەكەی گۆڕیوە، هیچ قسەیەكی نوێی بۆ کردن نەبووە. ڕۆژی هەینی ڕاپۆرتی وەرزانەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە ئەندامانی ئەم ئاژانسە ڕاگەیەندرا. ئاژانس لەم ڕاپۆرتەشدا هه‌ر وه‌ک جارانی پێشوو خوازیاری وڵامدانەوەی ئێران بە پرسیارەكانی ئاژانس لە بابەت دەستڕاگەیشتن بە بنکه‌ی نیزامیی پارچین بووە، ناوه‌ندیکی نیزامی كە وڵاتانی ڕۆژاوایی ده‌ڵێن كۆماری ئیسلامی له‌وانه‌یه‌ لەم ناوه‌نده‌دا لە پێوەندی لەگەڵ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمیدا، چەندین تاقیكارییەكی كردبێ. پێشتریش كۆماری ئیسلامی پێداگری كردبوو كە ڕێگەی پشكنینی ناوەندە نیزامییەكانی خۆی بەهیچ لایەنێك نادا، بەم حاڵەش بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی ده‌ڵێ دەبێ پشكنینی ناوەندە نیزامییەكانی ئێران بەشێك لە ڕێككەوتنامەی ناوكیی نێوان ئێران و زلهێزە جیهانییەكان بێ.