کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆمیسیۆنی بەرنامەو بوودجەی مەجلیس: سەدی٦٠ی یەكە بەرهەمهێنەرەكانی ئێران داخراون

13:55 - 11 جۆزەردان 2715

ئەندامی كۆمیسیۆنی بەرنامە و بوودجەی مەجلیسی شوورای ئیسلامی وێڕای ئاماژە بە بارودۆخی دڵتەزێن‌و شپرێوی بەشی بەرهەمهێنان و پیشەسازیی ئەم وڵاتە گوتی: ئێستا سەدی ٦٠ی یەكە بەرهەمهێنەرەكانی ئێران داخراون‌و ئەوانی دیكەش تا ئاستی سەدی ٤٠ی بارستایی خۆیان چالاكی دەكەن. مووسی الڕەزا سەروەتی، ئەندامی كۆمیسۆنی بەرنامەو بوودجەی مەجلیس لە لێدوانێكدا بۆ هەواڵدەریی "خانە ملت" گوتی: سیاسەتە هەڵە ئابوورییەكان و هەروەها هاوردە كردنی ئەم بەرهەمانەی كە نممونەكەیان لەنێوخۆی وڵاتیشدا بەرهەم دێنن، ئەم بارودۆخەی ئاڵۆزتر كردووە. ناوبراو پشتڕاستی كردۆتەوە كە، لە ئێستادا بارودۆخی ئابووریی ئەم وڵاتە لە حاڵی ئاوسان و داڕمانی یەكجارەكی دایە و كارخانەكان تەنیا به‌‌ سەدی ٤٠ی زه‌رفییه‌تی خۆیان كار دەكەن. ئەندامی كۆمیسیۆنی بەرنامەو بوودجەی مەجلیسی شوورای ئیسلامی وێڕای ئاماژە بە وەی كە بەڕێوەبەرایەتی دەوڵەت لە بەشی پیشەسازیدا یەكجار لاوازە، گوتی: بۆ نموونە لە حاڵێكدا كە ئەم لوولانەی كە كۆڕی لوولە گوستەری ئیسفەراین بەرهەمیان دێنێ چۆنیەتییەكی باشیان هەیە و دەتوانن پێداویستییەكانی وەزارەتی نەوت دابین بكەن، بەڵام ڕێك لە شێوەی ئەم لوولانە لە دەرەوەی وڵاتەوە هاوردە دەكرێن. سەروەتی هەروەها گوتوویەتی: ئەم بارودۆخە نالەبارە بۆتە هۆی ئەوەی كە زۆربەی یەكە بەرهەمهێنەرە نێوخۆییەكان دابخرێنن یان ئەوەی كە بە ڕێژەیەكی زۆر كەمتر لە ئاستی توانای خۆیان كار و چالاكییان هەبێ.