کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەرەبستان: لە بەرامبەر ئێراندا بێدەنگ نابین

13:56 - 11 جۆزەردان 2715

وەزیری دەرەوەی عەرەبستان، پاشەكشەی لە هەڵوێستی پێشووی ڕیاز لە بابەت یەمەن كردووەو سەبارەت بە سووریەش پێداگری لەسەر پشتیوانیی ئێران لە تێرۆریستەكان كردووە. عادڵ ئەلجەبیر لە كۆنفرانسێكی هاوبەش‌دا لەگەڵ سامیح شوكری، وەزیری دەرەوەی میسر لە قاهیرە، گوتی: لە بابەت یەمەنەوە دەبێ بڵێم لە ئێستادا لە هەوڵی ئەوە داین كە دانووستانە سیاسییەكان بە مەبەستی دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ یەمەن بەپێی كۆنفرانسی ڕیاز دەست پی بكەینەوە. هەروەها سەبارەت بە سووریەش وەزیری دەرەوەی عەرەبستان گوتی، تەوەری پێوەندییەكانی ئێمە لەگەڵ ڕووسیە له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌یه‌ كە ئەم وڵاتە قایل بكەین واز لە بەشار ئەسەد بێنێ و لە كاریگەری خۆی لەسەر ئەم وڵاتە كەلك وەربگرێ و ئەسەد ڕازی بكا كە دەسەلات بەجی بێڵێ. ناوبراو لە درێژەدا گوتوویەتی لە بابەت مەسەلەی دەستێوەردانی وڵاتانی دەرەوەی ناوچە لە كارو باری وڵاتانی عەرەبیدا بە تایبەت قسەمان لەسەر ئێران كردووە. چونكی ئێران تەنیا وڵاتێكە كە خۆی لە كاروباری نێوخۆیی ئەم ناوچەیە چ لە سووریە چ لە یەمەن، یان لە وڵاتانی دیكە هەڵدەقورتێنێ، ئێمە بەدژی هەوڵە خراپ و تێكدەرانەكانی ئێران و پشتیوانییەكانی ئەم وڵاتە لە تێرۆریسم دەوەستینەوە. عادڵ ئەلجەبیر هەروەها گوتوویەتی: ئێمە ئێستا دەتوانین پێوەندیی ئاساییمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی هەبێ، بەڵام ئەوەش پێوەندی بە هەڵسوكەوتی كاربەدەستانی ئەم ڕێژیمە و دەستێوەرنەدانی كاروباری ناوچە و پشتیزوانی نەكردن لە تێرۆریسم هەیە. نابێ ئەم وڵاتە كاری وا بكا كە بە زیانی بەرژەوەندیی وڵاتانی ناوچه‌ بی و زەربە لە ناوچەكە بدا، ئەوەش هەر بە دەستی بەرپرسانی ئەم ڕێژیمەیە. وەزیری دەرەوەی عەرەبستان هەروەها پێداگری كردووە كە ئاسایی كردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ ئێران لە ئەستۆی ئەم وڵاتەیە، چونكی ئێمەش چی دیكە لە بەرامبەر هەوڵە تێكدەرانەكانی كۆماری ئیسلامیدا بێدەنگ دانانیشین.