کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری دەسپێكی مامەڵەی كاڵابەكاڵای نەوتی ئێران لەگەڵ شتوومەكەكانی ڕووسیە

07:14 - 18 جۆزەردان 2715

وەزیری نەوتی ئێران باسی لە ئه‌گه‌ری دەسپێكی مامەڵەی كاڵابەكاڵای نەوتی ئێران لە بەرامبەر گەنم، پۆڵا و كۆمەڵێكی دیكە لە كاڵا ڕووسییەكان كردووە. بە قسەی ناوبراو، بەپێی ڕێككەوتنامەی نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌، بڕیارە وڵاتانی قەزاقستان و "بێلاڕووس"یش نەوت لە ئێران بكڕن. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی بلۆمبێرگ، بیژەن نامدار زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران ڕایگەیاندووە بڕیارە لە حەوتووی داهاتوودا هەناردەكانی نەوتی ئێران بۆ ڕووسیە دەست پێ بكا، بەپێی ئەم بڕیارە ئێران لە بەرامبەر هەناردە كردنی ڕۆژانە ٥٠٠ هەزار بۆشكە بۆ ڕووسیە، گەنم، پۆڵا و شتوومەكی دیكە لە ڕووسیە وەربگرێ. پاش بڵاو بوونەوەی هەواڵی مامەڵەی كاڵابەكاڵای ئێران و ڕووسیە، ئامریكا و چەند وڵاتی ڕۆژاوایی سەبارەت بە پێشێل كردنی گەمارۆكانی ئێران ڕووسیەیان وریا كردۆتەوە. دیارە ڕووسیە لەم بابەتەوە كەوتۆتە بەر ڕەخنە كە بەو كارەی خۆی ڕێگە بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران لە بازاڕە نێودەوڵەتییەكاندا خۆش دەكا، بەڵام ڕووسیە ڕایگەیاندووە كە نەتەنیا نیازی فرۆشتنی نەوتی ئێران لە بازاڕە جیهانییەكانی نییە، بەڵكوو ئەم كاڵایانەش كە لە لیستەی گەمارۆكاندان بۆ ئێران نانێرێ. شایانی باسە لە ساڵی ٢٠١٢ بەم لاوە كە زلهێزە جیهانییەكان بە مەبەستی كۆنتڕۆڵ كردنی چالاكییە ناوكییەكانی كۆماری ئیسلامی گەمارۆكانی سەر ئەم وڵاتەیان چڕتر كردەوە، هەناردەكانی نەوتی ئێرانیش نیوە بە نیوە بوون بە جۆرێك كە لە ئێستادا ئەم وڵانە ڕۆژانە تەنیا ١ میلیۆن و ١٠٠ هەزار بۆشكە نەوتی بۆ ده‌فرۆشرێ.