کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێگریی ناوه‌نده‌ ئەمنیەتییەكان لە بەڕێوەچوونی كۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی هەیئەتی پارلمانیی ئورووپا

07:21 - 18 جۆزەردان 2715

ناوه‌نده‌ ئەمنیەتییەكانی كۆماری ئیسلامی، ڕێگرییان لە بەڕێوەچوونی كۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی هەیئەتی پارلمانی یەكیەتیی ئورووپا لە تاران كرد. هەواڵدەریی ئاڵمان ڕایگەیاندووە كە ئەم مەسەلە، تووڕە بوونی كاربەدەستانی یەكیەتیی ئوورپای لێ كەوتۆتەوە. هەر بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هەیئەتی پارلمانی ئورووپا كە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی ئێرانی كردووەو لەگەڵ كاربەدەستە پلەبەرزەكانی كۆماری ئیسلامی دیداری كردووە، ڕاگەیەنە ڕۆژاواییەكانیشی بانگهێشت كردبوو تا ڕۆژی یەكشەممە ١٧ی جۆزەردان، بە مەبەستی بەڕێوەبردنی كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی، لەم هۆتێلەی ئەو هەیئەتە لێی جێگیر كراوە ئامادە بن. بەڵام مەئموورە ئەمنیەتییەكانی كۆماری ئیسلامی بەم بیانوویە كە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو كۆنفرانسە، نەیانتوانیوە ڕەزایەتیی خاوەن هۆتێلەكە وەربگرن، ڕێگرییان لە بەڕێوەچوونی ئەو پرێس كۆنفرانسە كردووە. لە كاردانەوە بەم مەسەلەیە، هەیئەتی پارلمانیی ئورووپا بەڵێنی بە ڕاگەیەنەكان داوە كە لە ڕێگەی تەلەفوونەوە وتووێژیان لەگەڵ دەكەن‌و هەروەها وتووێژی خۆیان لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی ڕەسمی كۆماری ئیسلامی هەڵوەشاندەوە. لەم بارەوە هەواڵدەریی فەرانسەش ڕایگەیاندووە كە كاربەدەستێكی ئەمنیەتی، هەڕەشەی لە هەواڵنێران و فۆتۆگرافەكان كردووە كە بەوێنە هیچ هەواڵێك لە بابەت تێكچوونی ئەم كۆنفرانسە ئامادە نەكەن، ئەگینا لەگەڵ دەرەنجامەكانی ئەم کاره‌ی خۆیان بەرەوڕوو دەبنەوە. هەر بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، سەرۆكی هەیئەتی ئورووپایی زۆر لەم هەوڵەی كۆماری ئیسلامی تووڕە بووە و ڕوو بە مەئموورە ئەمنیتەییەكانی ئەم ڕێژیمە گوتوویەتی، "ئێوە ناتوانن ڕێگری لە قسە كردنی من لەگەڵ ڕاگەیەنەكان بكەن"، بەڵام كاربەدەستانی ئەمنیەتی پێیان ڕاگەیاندووە كە مافی لێدوان لەگەڵ ڕاگەیەنەكانی نییە. هەیئەتی پارلمانی ئورووپا، لە ڕەوتی سەفەری دوو ڕۆژەی خۆی بۆ ئێران، لەگەڵ محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، عەلی لاریجانی، سەرۆكی مەجلیسی شوورای ئیسلامی‌و كۆمەڵێكی دیكە لە نوێنەرەكانی مەجلیس دیداری كردووە. شایانی باسە كە مەسەلەی مافەكانی مرۆڤ، پەروەندەی ناوكیی ئێران و پێوەندییەكان لەگەڵ ئەم وڵاتە، لە گرینگترین تەوەرەكانی دانووستانی ئەم سەفەرە بوون.