کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەركۆماری یەمەن: دەستێوەردانی ئێران لە یەمەن لە ئەلقاعیدەش مەترسیدارترە

06:21 - 19 جۆزەردان 2715

عەبد ڕبە مەنسوور هادی، سەركۆماری یەمەن ڕۆژی دووشەممە لە لێدوانێكدا بۆ تەلەویزیۆنی ئەلعەرەبیە، داوای لە ئێران كرد كۆتایی به‌ دەستێوەردان له‌ كاروباری نێوخۆیی یەمەن بێنێ. ناوبراو گوتی: مەترسی دەستێوەردانی ئێران لە یەمەن‌و هاندانی گرووپی حووسییەكان بۆ بەردەوامییان لە توندوتیژی، شەڕ و كوشت‌و كوشتار، زۆر مەترسیدارتر لە هەڕەشەی گرووپی تێرۆریستیی ئەلقاعیدەیە. سەركۆماری قانوونیی یەمەن گوتی: "خۆتێهەڵقورتاندنی ئێران لە كاروباری نێوخۆیی یەمەن، هەوڵێكی كاولكەرانە‌و بەدژی شه‌رعییه‌تی دەوڵەت‌و دامو‌ده‌زگا ده‌ستورییه‌کانی ئەم وڵاتەیە، بەم پێیە ڕۆڵی ڕێژیمی تاران زۆر ڕووخێنەرترو مەترسیدارتر لە دەوری تۆڕی تێرۆریستیی ئەلقاعیدەیە. هادی لە درێژەدا گوتی: "ئێران هەر لە یەكەم ڕۆژەوە، بە بەرنامەیەكی ڕێكو پێك و لەپێشدا داڕژاو، بەدژی پرۆسەی وتووێژ بۆ ئاشتی لە یەمەن كە بە دەسپێشخەری وڵاتانی عەرەبی كەنداو دەستی پێ كردبوو، هەڵوێستی گرتووە. سەركۆماری یەمەن، هەروەا لە بارەی كاردانەوەی دەوڵەتی مەشرووعی ئەم وڵاتە لە بەرامبەر دەستێوەردانەكانی ئێراندا، ڕایگەیاند: "ئێمە چەندین جار دژایەتیی خۆمان لە بابەت دەستێوەردانەكانی ئێران لە كاروباری نێوحۆیی وڵاتەكەمان دەربڕیوە. دەوڵەتی یەمەن لە ڕێگەی ناردنی هەیئەتێك بۆ عوممان، ناڕەزایەتیی توندی خۆی لەبابەت ناردنی چەك‌و چۆڵ بۆ حووسییەكان ڕوو بە هەیئەتی ئێران راگه‌یاندوه‌. مەنسوور هادی هەروەا ئاشكرای كردوە كە عەلی عەبدوڵڵا ساڵح سەركۆماری لەسەر كار لابراوی یەمەن، بەم زووانە چەند نوێنەرێكی بۆ هاوئاهەنگی كردن لەگەڵ ئێران، بەڕێی تاران كردووە. ناوبراو لە درێژەدا گوتوویەتی: ساڵح و حوسییەكان لەسەر گەڵاڵەیەك كە لە 10 بەند پێك هاتووە، ڕێك كەوتوون‌و یەكێك لە بەندەكانی ئەم ڕێككەوتنامەیە ئەوەیە كە عەبدولمالیك حووسی وەك ڕێبەری مەعنەویی داهاتووی یەمەن ڕۆڵی هه‌بێ‌و و كوڕی عەبدوڵڵا ساڵحیش به‌رێوه‌بردنی سیاسی ئەم وڵاتە وە ئەستۆ بگرێ، تا لەم ڕێگەوە ئەزموونی نیزامی كۆماری ئیسلامی لە ولاتی یەمەنیش جێبەجی بكرێ.