کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كراوبوونی ١٥ میلیون پەروەندەی قەزایی لە ئێران

15:22 - 20 جۆزەردان 2715

محەممەد دێهقان، ئەندامی كۆمیسیونی حقووقی‌و قەزایی مەجلیس گوتی لە ئێستادا ١٥ میلیون پەروەندەی قەزایی لە دادگاكانی ئێران كراوەیە. دێهقان دەڵێ ١٠ هەزار قازی لە دادگاكانی ئێراندا سەقاڵی كاركردن لەسەر پەروەندەکانن‌و مانگانە بە شێوەی مام ناوەندی دەبێ بە ٤٣ پەروەندەی ڕابگەن. ئەو گوتی دەبێ ٤ هەزار قازیی دیكە دەست بەكار بن، بەڵام بوودجەی پێویست بۆ دامەزرانی ئەو کەسانە هێشتا دابین نەكراوە. ئێلهام ئەمین زادە، جێگری حقووقیی سەركۆماری ئێران ساڵی ١٣٩٢ گوتبووی كە ١٧ میلیون پەروەندەی قەزایی لە دەزگای قەزایی كەوتونەتەسەر یەك و ٨ میلیون پەروەندەی نوێش بۆ پێڕاگەیشتن بۆ دەزگای قەزایی هاتوون. قسەكانی ئەمین زادە لەگەڵ کاردانەوەی سادق لاریجانی، سەرۆكی دەزگای قەزایی كۆماری ئیسلامی ڕووبەڕوو بۆوەو بە درۆی زانی. بە وتەی لاریجانی ساڵانە نزیك بە ١٣ میلیون پەروەندەی قەزایی لە دەزگای قەزایی پێك دێ. بەڵام مستەفا پوورمحەممەدی، وەزیری دادگوستەری ئامارێكی دیكەی لەبارەی ڕێژەی ئەم پەروەندانە بڵاوكردەوە. بە قسەی ناوبراو ١٤ میلیون پەروەندەی تەڵاق لە دەزگای قەزایی ئێراندا کەڵەکە بووە. ناوبراو دەڵێ ١٤ میلیون پەروەندە لە ناوەندە قەزاییەكانی ئێران "شیاوی وڵاتێكی ئیسلامی نییە". شایانی باسە كە كێشەكانی وەك ناکۆکیی دارایی، تەڵاق، دزی و تاوانەكانی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەر لە سەرەكیترین پەروەندەكانی دەزگای قەزایی ئێرانن.