کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساركۆزی دژی گەڵاڵەی ڕێككەوتنامەی ئەتۆمی لەگەڵ كۆماری ئیسلامییە

15:27 - 20 جۆزەردان 2715

نیكۆلا ساركۆزی، سەركۆماری پێشووی فەرانسە كە بە ئەگەری زۆر لە داهاتووشدا وەك بەربژێری هەڵبژاردنەكانی سەركۆماریی لەم وڵاتەدا دێتە مەیدانەوە، لە سەفەری خۆی بۆ ئیسراییل، ڕەخنەی لە شێوازی ڕێككەوتنی ئەتۆمیی نێوان و زلهێزە جیهانییەكان گرتووە. ناوبراو هەروەها رەخنەی لە گەڵاڵەی بڕیارنامەی حكومەتی سوسیالیستی وڵاتەكەی بۆ هاندانی وڵاتەكەی بەرەو ئاشتیی نێوان ئیسراییل‌و فەلەستین گرتوە کە بۆ شورای ئەمنیەتی ناردوە‌و ئەو گەڵاڵەیەی بە مەترسیدار زانیوە. نیكۆلا ساركۆزی لە ڕوونكردنەوەی دژایەتیی لەگەڵ ئەم گەڵاڵەیەدا گوتی گەڵاڵەی ئاشتی لە نێوان ئیسراییل و فەلەستین نابێ بە زۆری‌و لەژێر فشاردا جێبەجێ بكرێ. نیكۆلا سارۆزی لە كۆنفرانسێك‌دا لە باكووری تێل‌ئاویو گوتی ئەو ڕێككەوتنەی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بەڕێوەیە، مەحكوم دەكاو بە مەترسیداری دەزانێ. بە واتەی ناوبراو ئەم ڕێككەوتنە بە ڕاشكاوی مافی پیتاندن‌و گەشەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بە ڕەسمی دەناسێ و ڕێگە بۆ ململانێی ئەتۆمی لە ناوچەدا خۆش دەكا. ڕێبەری حیزبی نوێی "كۆماریخوازەكان" لە فەرانسە، هەروەها دەڵێ ئێرانی ئەتۆمی لە ناوچەدا قەبووڵ نییە. ناوبراو هەروەها شێوەی وتووێژ لەگەڵ ئێرانی بە باش نەزانی و گوتی ئەم وتووێژانە بە كردەوە بۆتە وتووێژی نێوان ئامریكا‌و ئێران و پێكهاتەی ئەم ڕێككەوتنە لەسەر بەرژەوەندیی ئامریكا داڕێژراوە.