کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەفەری نهینیی سەرۆكی ڕێكخراوی "سیا" بۆ ئیسراییل بۆ تاوتوێكردنی بەرنامەی ناوكیی ئێران

15:28 - 20 جۆزەردان 2715

جۆن بێرنان، سەرۆكی ڕێكخراوی زانیارییە ناوەندییەكانی ئامریكا "سیا" بە مەبەستی وتووێژ لەگەڵ كاربەدەستانی ئیسراییل، لە بابەت دانووستانە ناوكییەكانی نێوان ئێران و ١+٥، بە شێوەی نهێنی سەردانی "تێل ئاویو"ی كردووە. سەفەری بێرنان لە بەرەبەری كۆتایی هاتنی مۆڵەتی دیاریكراو بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنامەی ناوكیی نێوان ئێران‌و گرووپی ١+٥ لە كۆتایی ئەم مانگەدا، ڕێك خراوە. ڕۆژنامەی ئیسراییلیی "هائارتێس" لە ژمارەی ڕۆژی سێشەممە ٩ی ژوئەن، لەزمان كاربەدەستە پلەبەرزەكانی ئیسراییلەوە ڕایگەیاندووە كە، سەرۆكی سیا لە تێل ئاویو لەگەڵ كاربەدەستانی دەوڵەتی ئیسراییل وەك بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆك وەزیری ئەم وڵاتەو؛ ژێنێراڵ هەرزێل هالیوودی، سەرۆكی زانیارییەكانی ئەرتەش و یووسی كۆهەن، یەكێك لە ڕاوێژكارانی ئەمنیەتی نیشتمانیی ئیسراییل دیدارو چاوپێكەوتنی هەبووە تا لە بارەی نوێترین ئاڵوگۆڕەكانی دانووستانە ناوكییەكان وتووێژ یكەن. بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕۆژنامەیە سەرۆكی ڕێكخراوی سیا لە ڕەوتی دیدار لەگەڵ كاربەدەستانی سیاسی، ئەمنیەتی و نیزامیی ئیسراییلدا لە بابەت بەرنامەی ناوكیی ئێران‌و ڕێككەوتنامەی ناوكی‌و هەروەها "دەوری تێكدەرانەی ئێران لە خۆرهەلاتی نێوەڕاستدا" وتووێژ و ئاڵگۆڕی بیروڕا دەكا. شایانی باسە كاربەدەستانی ئەمنیەتیی ئامریكا چەندین جار پێداگرییان لەسەر هاوكاری كردنی واشینگتۆن‌و تێل ئاویو لە بابەت مەسەلەی دانووستانە ناوكییەكانی ئێران كردۆتەوە.