کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران ساڵانە ٦ میلیارد دۆلاری تێچووی حكومەتی ئەسەد کردوه‌

10:08 - 21 جۆزەردان 2715

هەواڵدەریی بلۆمبێرگ لە زمان كاربەدەستێكی نێودەوڵەتی و لێكۆڵەرێكی كاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێ بەراورد و لێكۆڵینەوەكان ئەمەیان دەرخستووە كە تاران سالانە ٦ میلیارد دۆلاری تێچووی دەوڵەتی بەشار ئەسەد کردوه‌و هێندێك جار بڕی ئەم یارمەتییە لە ١٥ میلیارد دۆلاریش تێدەپەڕێ. بلۆمبێرگ له‌ زمان ئێستفان دەمیستورا، نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری سووریە، ئاماژەی كردوە كە بەپێی بەراوردی نوێنەرایەتییه‌که‌یان، ئێران ساڵانە 6 میلیارد دۆلار تێچووی حكومەتی بەشار ئەسەد دەكا. نەدیم شەهادی، ڕاڤەكار لە دامەزراوەی چێتم هاوس، و بەڕێوەبەری ناوه‌ندی ستراتیژیی ڕۆژهەڵاتی مەدیترانە لە زانكۆی تافتس، بە هەواڵدەریی بلۆمبێرگی ڕاگەیاندوه‌ كە لێكۆڵینەوەكانی ئەمەیان دەرخستووە كە تاران لە ساڵەكانی ٢٠١٢ و ٢٠١٣ دا له‌ نێوان ١٤ تا ١٥ میلیارد دۆلاری یارمەتیی بە حكومەتی بەشار ئەسەد كردوە. بە قسه‌ی شەهادی ئەم یارمەتییانە، لە بوارەكانی نیزامی و ئابووری بووەو لە بارودۆخی فشاری گەمارۆكانی دژی سیستمی بانكی و ماڵیی ئێراندا کراوه‌. ئەمە چەندین جار ڕاپۆرتی گەیاندنی یارمەتیی ئێران بە دەوڵەتی بەشار ئەسەد لەقاو دەدرێ. وڵاتانی دژبەری بەشار ئەسەد چەندین جارە ڕەخنە لە ڕۆڵی ئێران لە بەرگریكردنی لە دەمێشق دەگرن، ئامریكاش یەكێك لەم وڵاتانەیە كە دەڵێ ئێران یارمەتیی ماڵیی بە حكومەتی بەشار ئەسەد كردوە بەڵام بەراوردی ڕەسمی لە گشت ئەم یارمەتییانە ئاشكرا نەكراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئێران لە ساڵی ڕابردوو هێڵی ئیعیباریی ٣ میلیاردو ٦٠٠ میلیون دۆلاری بۆ كڕینی بەرهەمە نەوتییەكان بۆ دەوڵەتی ئەسەد كردۆتەوە، ئه‌وه‌ جیا له‌وه‌ی تاران یەك میلیارد دۆلاری دیکه‌شی وه‌ک وام بۆ كڕینی بەرهەمە نانەوتییەكانی بۆ وڵاتی سووریە تەرخان كردووە. گەیاندنی ئەم یارمەتییانە لە كاتێكدا بووە كە تاران گەمارۆی توندی لەسەر بووە و وەزیری خەزێنەداریی ئامریكا لە ساڵی ١٣٩٢ ئەوانی بە توندترین سزاكان لە مێژوودا وەسف كردبوو. شایانی باسە له‌ شەڕی نێوخۆیی سووریەدا كە هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ چارەسەریی ئەم كێشەیە تا ئێستا بێ ئاكام ماوەتەوە، زیاتر ٢٠٠ هەزار كەس بوونەتە قوربانی‌و نیوەی خەڵكی ئەم وڵاتەش ئاوارە بوون.