کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەوتی دانووستانە ناوكییەكان لەگەڵ ئێران "ئاڵۆز و خاو" بووە

06:12 - 24 جۆزەردان 2715

هاوكات لەگەڵ ڕاگەیەندرانی چوونە پێشێی ڕەوتی دانووستانە ناوكیەكانی نێوان ئێران و ١+ ٥ به‌ خاوی، جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئامریكاش ڕایگەیاندوه‌ كە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا تێکه‌ڵ به‌ درێژه‌ی ئه‌م دانووستانانە دەبێ. جێف ڕێتكی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریكا وێڕای بە ئاڵۆزناوبردنی وتووێژە ناوكییەكان لەگەڵ ئێران گوتی: دەوڵەتی ئامریكا لەسەر ئەم بڕوایەیە كە دەكرێ تا ئۆلتیماتۆمی دیاریكراو، لەگەڵ كۆماری ئیسلامی بە ڕێككەوتن بگەن. بەم حاڵەش، دیپڵۆماتەكان پێیان وایە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنی گشتی، ئەویش ئێستا كە تەنیا چەند حەوتوو تا كۆتایی مۆڵەتی دیاریكراو "9ی پووشپەڕ" كات ماوە، پێشكەوتنێكی ئەوتۆیان دسته‌به‌ر نه‌کردوه‌. هه‌رچی هه‌وڵی ڕۆژئاوایه‌ ئێران رێگه‌ بدا ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی هه‌موو چاوه‌دێرییه‌کی ورد بخاته‌ سه‌ر چالاکییه‌ ئه‌تومییه‌کانی ئێران، ئەوەش لە حاڵێكدایە كە ئێران سوورە لەسەر ئەوەی كە ڕێگەی دەستڕاگەیشتن بە سایتە نیزامییەكانی خۆی بە پشكێنەرانی نێودەوڵەتی نادا، مەسەلەیەك كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی تووشی نیگەرانییەكی زۆر كردووە. هەر لەم پێوەندییەدا "دریل كیمبال" بەڕێوەبەری ئەنجومەنی كۆنتڕۆڵكردنی چەك و چۆڵ بە دەنگی ئامریكای ڕاگەیاندووە كە، ئێران پێداگری لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە بەڕێوەبەرایەتی پشكنینی ئەم سایتانە بكا، لە لایەكی دیكەشەوە وڵاتانی ١+٥ دەیانهەوێ دڵنیا بن كە ئێران هیچ كام لە سایتەكانی خۆی لە پشكێنەرانی نێودەوڵەتی ناشارێتەوە. جێف ڕێتكی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریكاش بۆ جارێكی دیكە پێداگریی لەسەر ئەم هەڵوێستەی ئامریكا كردۆتەوە كە دەبێ ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆمی بۆ ڕێگە پێدان بە سایتە نیزامییەكان كە وێدەچێ ناوكی بن، بە ڕێككەوتن بگا. ناوبراو هەروەها گوتی بێتوو ئێران لەگەڵ ئاژانس لە بابەت پشكنینی ئەم سایتانە ڕێك بكەوێ، ڕەوتی دانووستانەكان بەرەو كەم كردنەوەی گەمارۆكان دەچێ.