کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کردنه‌وه‌ی ڕۆژانە ١٦٠٠ پەروەندەی شەڕو لێکدان لە ئێران

09:57 - 25 جۆزەردان 2715

پزیشكیی قانوونیی ئێران دەڵێ لە ساڵی ٩٣دا پتر له‌ ٥٩٠ هەزار كەس لەم وڵاتە بەهۆی "لێدان‌و برینداربوون لە شەڕدا" سەردانی پزیشكی قانوونییان كردووە. بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕێكخراوە دەوڵەتییە بە شێوەی مام ناوەندی، ڕۆژانە ١٦٠٠ پەروەندە لە بابەت "بریندار بوون بەهۆی لێدان‌و كوتان لە شەڕە كۆمەڵایەتییەكاندا" لە ناوەندەكانی پزیشكیی قانوونیی ئێران ده‌کرێته‌وه‌. ڕێكخراوی پزیشكیی قانوونیی پێشتریش ڕایگەیاندبوو ڕێژەی ئەم كەسانەی بەهۆی شەڕ كردن لە ساڵی ٩٢دا سەردانی ئەم ڕێكخراوەیان كردبوو ٦٠٧ هەزار و ٣٤٩ كەس بووه‌. ئەم ڕێكخراوە ده‌وڵه‌تییه‌ هەروەها باسی لە پێكهێنانی ١٠٦ هەزار و ٩٥٠ پەروەندەی شەڕ لە ماوەی ساڵی ٩٢دا کردوه‌ لەلای پزیشكی قانوونیی تاران كردبوو. كارناسانی كۆمەڵایەتی، گرفتە ئابوورییەكان، هەژاری، بێكاری، گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەر، دەمەقاڵە لەسەر مڵكداریەتی، گرانفرۆشی، ناهومێدی و فشاری كۆمەڵایەتی، ناڕەزایەتیی جنسی و نەبوونی پەروەردە‌و ڕاهێنانی پیویست بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی تووڕەیی، بە گرینگترین هۆكارەكانی سەرهەڵدانی شەڕ و ئاژاوەی كۆمەڵایەتیی لە ئێران ناو ده‌به‌ن. هەروەها سەرۆكی لقی ٧١ی دادسەرای كەیفەریی پارێزگای تارانیش، پێی وایە مەسەلە نامووسی‌و ئەخلاقییەكان‌و كێشە ماڵییەكان لە نموونەی هۆكارەكانی شەڕو دەستەویەخە بوونەكانی سەر شەقامن. عەزیز محەممەدی ده‌ڵێ: كاتێك پەروەندەی كوشتنەكان هەڵدەدرێنەوە، دەردەكەوێ كە بكووژ بۆخۆی سەری لەم كارەی كردوویەتی سوڕ ماوە و بە جۆرێك سەدی ٧٠ی ئەم پەروەندانە بەهۆی شێتی كاتی‌و بۆماوەیی پێك هاتوون. پێشتریش هادی مستەفایی، جێگری بەربەرەكانی لەگەڵ تاوانە جیناییەكانی پۆلیسی ئاگاهی، وێڕای ئاماژە بە كوژرانی ٧٩٩ كەس بە چەكی سارد لە ساڵی ٩١، گوتبووی كە سەدی ٧٥ی ئەم كوشتنانە "بەبێ بەرنامەداڕشتنی پێشتر" و بە نائانقەست ڕوویان داوە. ناوبراو هۆكاری زۆربەی كوشتن و شەڕەكانی سەرشەقامی بۆ كێشە لاوەكییەكان و هیندێک بابەتی وەك كێشە لەسەر جێگەی ڕاگرتنی ماشێن، پێكدادانی ئۆتۆمبێل، تووڕە بوون لە دەنگی بەرزی ماتۆڕ سیكلێت یان گووشی مۆبایل و شان لە شاندانی ڕێبوارەكان لە كاتی تێپەڕین لە پیادەڕەوەكان گەڕاندۆتەوە.