کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێداگری كردنەوەی ڕوحانی لەبابەت فشاری گەمارۆكان لەسەر ژیانی خەڵك

10:06 - 25 جۆزەردان 2715

حەسەن ڕووحانی لە سەفەر بۆ بۆجنوورد بۆ جارێكی دیكەS پێداگری لەسەر فشاری گەمارۆكان بۆ سه‌ر ئابووریی ئێران و خه‌ڵک كردەوە. ئەو گوتی ئەم كەسانەی ئیدیعا دەكەن گەمارۆكان گرینگییان نییە، وادیارە ئاگاداری ژیان و گیرفانی خەڵك نین. سەركۆماری ئێران لە سەفەری خۆیدا بۆ بۆجنوورد گوتی ئەم كەسانەی كە دەڵێن ئێمە نابێ لەگەڵ وڵاتانی ١+٥ دانووستانمان هەبێ، هه‌ر دەڵێی ئاگایان لە ژیانی خەڵك نییە. ناوبراو لە درێژەدا گوتی: هەر ئەوان بوون كە ستەمیان لەم خەڵكە كرد و زنجیری گەمارۆیان خستە ئەستۆی خەڵكی ئەم وڵاتەوە، ئەم كەسانە بە نیەتی خراپی خۆیان هەموو جۆرە كاڵایەكیان لە دەرەوەی وڵات ڕا بە نرخی سەدی ١٠ تا ١٥ گرانتر هاوردە كرد و ئەم تێچووەشیان لە گیرفانی خەڵك هێنایە دەرێ. حه‌سه‌ن روحانی ڕۆژێك پێشتریش لە كۆبوونەوەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە تاران گوتبووی: لە ماوه‌ی ٨ ساڵ سەركۆماریی ئه‌حمه‌دی‌نژاددا ٧٢٠ میلیارد دۆلار خەرجی هاوردە كردنی كاڵا كراوه‌و، ئەو كات ئەم وڵاتە بە تەواوی پشتی بە دەرەوە بەستبوو، هەر ئەم هاوردانەش ڕێگەیان بۆ گەمارۆكان خۆش كرد. گەمارۆكانی ئێستا بەدژی ئێران بەپێی بڕیارنامەكانی شوورای ئەمنیەت جێیەجی دەكرێن و ویستی سەرەكی هەیئەتی دانووستانكاری ئێرانیش هەڵوەشاندنەوەی ئەم گەمارۆیانەیە. مەرجی لایەنی ڕۆژاواییش وەدەست هێنانی متمانە و ڕەواندنەوەی شك و گومانەكان لە بابەت ئەگەری ئامانجە نیزامییەكانی گەڵاڵەی ئەتۆمیی ئەم وڵاتەیە. بۆ ئەم مەبەستەش ئێران دەبێ بەپێی پرۆتۆكۆڵی ئیلحاقی، ڕێگەی سەردانی لەناكاو یان ئاسایی كارناسانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەكانی خۆی خۆش بكا، بابه‌تێک که‌ له‌ نێو خۆی ئێران مشتومڕی له‌سه‌ره‌و له‌لایه‌ن ئوسولگه‌راو توندڕه‌وه‌کانه‌وه‌ دژایه‌تیی ده‌کرێ.