کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جۆن مەك كین: ڕێككەوتنامەی ناوكی لەگەڵ ئێران، هەموو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکاتە ئەتومی

15:43 - 26 جۆزەردان 2715

جۆن مەك كین، سێناتۆری كۆماریخوازی ویلایەتی ئاریزۆنا لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئامریكا دەڵێ ڕێككەوتنامەی ناوكیی لەگەڵ ئێران، ناوكی بوونی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لێ دەكەوێتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز جۆن مەك كین گوتویەتی وێڕای سێناتۆرەكانی دیكە لەگەڵ پێویستیی هەوڵدان بۆ دڵنیابوون لە بابەت دەستڕانەگەیشتنی ئێران بە چەكی ناوكی كۆكن. هەر بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو لە بابەت چۆنیەتیی بەرنامەی ناوكیی ئێران، گوتوویەتی: لە حاڵی حازردا بارودۆخەكە بە شێوەیەكە كە لایەنەكانی دانووستانكاری ڕۆژاوایی لە هەوڵ دان تا كات و ساتی دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەكی ناوكی دوا بخەن. مەك كین هەروەها گوتوویەتی: پشتیوانی كردنی ئێران لە هێزەكانی عێراق لە شەڕی داعش‌و ئامادە بوونی هێزەكانی ئەم وڵاتە لە یەمەن، نیشانەی ئەوەیە كە ئەم ڕێژیمە هاوكات لەگەڵ دەستڕاگەیشتنی ئێمە بە ڕێككەوتنێكی ناوكیی ناتەواو، هەوڵەكانی خۆیان وەگەڕ دەخا. ئەم سێناتۆرە كۆماریخوازەی ئامریكا لە درێژەدا دەڵێ بەم پێیە كە هێزە نیزامییەكانی ئامریكا لە عێراق بەشێوەی پێویست ئامادە نین، هۆگرایەتیی هێزەكانی عێراق بۆ لای ئێران زیاتر بووە. مەك كین هەروەها پشتڕاستی كردۆتەوە كە بەرنامەی باراك ئۆباما، سەركۆماری ئامریكا بۆ شەڕ لەگەڵ داعش ڕوون نییەو ئەم گرووپە تێرۆریستییە هەروا وەك مەترسییەك هەڕەشە لە ئەمنیەتی ئامریكا و وڵاتانی دیكە دەكا.