کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری مەریوان‌و سەوڵاوا: ڕووحانی هیچ كام لە بەڵێنییەكانی هەڵبژاردنی جێبەجی نەكردووە

15:50 - 26 جۆزەردان 2715

پاش تێپەڕینی 2 ساڵ لە تەمەنی دەوڵەتی حەسەن ڕووحانی، شەپۆلی ڕەخنەكان لە شێوەی كاركردی دەوڵەتی ناوبراو پەرەی سەندووەو نوێنەری مەریوان و سەوڵاواش دەڵێ ڕووحانی هیچكام لە بەڵێنییەكانی هەڵبژاردنی بەجێ نەگەیاندووە. سایتی ڕوانگە لە دووهەمین ساڵوەگەڕی هەڵبژاردنی سەركۆماریدا، بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی دەوڵەتی حەسەن ڕووحانی، لێدوانێكی لە ئومید كەریمیان، نوێنەری مەریوان و سەوڵاوا لە مەجلیس وەرگرتوە. كەریمیان دەڵێ خەڵكی كوردستان گلەیی زۆریان لە حەسەن ڕووحانی هەیە. ناوبراو وێڕای وەبیرهێنانەوەی مادەكانی بەیاننامەی مافەكانی نەتەوە‌و ئایینەكان، گوتی: جێبەجێ نەكردنی بەڵێنییەكانی ڕوحانی ڕەخنەی خەڵكی ئەم پارێزگایەی لێ كەوتۆتەوە. نوێنەری مەریوان و سەوڵاوا دەڵێ پارێزگای سنە خاوەنی زۆرترین دەنگ بۆ ڕووحانی بوو، ئەوەی ئەم خەڵكەی بردە پشت سندووقەكانی دەنگدان، بەیاننامەی ڕووحانی لە بارەی نەتەوەو ئایینەكان لە بابەت کۆمەڵە وادەو بەڵێنییەکی وەک وەك تۆماركردنی قانوونی پێویست بۆ جێبەجێكردنی بە تەواو مانای قانوونی بنەڕەتی بە تایبەت ئەسڵەكانی ٣، ١٢، ١٥، ١٩ و ٢٢ بە مەبەستی نەهێشتنی هەڵاواردن، بەشداریی گشتیی بەدوور لە زمان‌و ئایین لە بەڕێوەبەرایەتییە گرنگەكانی وڵات‌و جێبەجێ كردنی ئەسڵی شایستەسالاری لە هەموو ئاستەكانی سیاسی ـ ئیداری، بە جۆرێك كە سەرجەم خەڵک لە بارودۆخی وەك یەكدا، هەلی بەشداری كردن و پۆست وەرگرتنیان لە گشت ئاستەكان هەتا ئەندامەتیی كابینەش هەبێ، دانانی هێزە شیاوە ناوچەییەكان لە پۆستەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ناوچە جۆربەجۆرەكانی وڵات، خوێندن بە زمانی زگماكی بە ڕەسمی لە قوتابخانەكان و زانكۆكان بووە، كە بەداخەوە هیچ كامیان جێبەجێ نەكراون. نوێنەری مەریوان و سەوڵاوا لە مەجلیس هەروەها گوتوویەتی: بڕیار بوو كارگرووپێكی تایبەت بە مەبەستی قەرەبوو كردنەوەی دواكەوتووییەكان و قەڵەمبازی ئیعتیبارەكان پێك بێ، بەڵام نەتەنیا هیچ باسێك لە پێكهێنانی ئەم كارگرووپەش نییە، تەنانەت لە بەرنامەی سەفەرە پارێزگاییەكانیشدا سەرەڕای تێپەڕینی 2 ساڵ، بەڵام تا ئێستاش سەركۆمار سەردانی کوردستانی نەكردووە.