کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرە سەندنی ئیعتیاد لە زیندانەكانی ئێراندا

19:37 - 26 جۆزەردان 2715

نەجیب حوسێنی، جێگری ستادی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ مادە هۆشبەرەكان لە ئێران، لە ساڵڕۆژی بەربەرەكانیی لەگەڵ ئیعتیاددا، باسی لەنێوبردنی١٠٠ تۆن مادەی هۆشبەری لە ٢٣ پارێزگای ئێران كردووە. حوسێنی بە پشتبەستن بە بەڵگەكان لە بابەت ڕێژەی تاوانەكان و ئاماری زیندانیانی ئێران گوتی: سەرچاوەی سەدی ٦٥ی هاوسەرئازارییەكان، سەدی ٥٥ی تەڵاقەكان، سەدی ٣٠ ئازاردانی منداڵ، سەدی ٢٥ی تاوانەكانی كوشتن‌و سەرجەم تاوانەكانی دیكە لە ئێران بۆ مادەی هۆشبەر دەگەڕێتەوە. جێگری ستادی بەربەرەكانیی لەگەڵ مادە هۆشبەرەكان وێڕای هێنانە بەر باسی ئەم مەسەلە كە تەمەنی سەدی ٥٨ی موعتادەكانی ئێران لە ژێر ٣٤ ساڵ دایە، كاربەدەستانی پێوەندیداری وریا كردەوە كە تووشبوون بە مادە هۆشبەرەكان لە زیندانەكانی ئەم وڵاتە ڕوو لە زیاد بوونە. ناوبراو هەروەها لە بابەت زۆر بوونی هۆگرایەتیی ژنان بە مادەی سڕكەر لە ئێران گوتوویەتی لە حاڵی حازردا سەدی ٥٨ی موعتادەكانی ئێران لە قۆناغی تەمەنیی ١٥ بۆ ٣٤ ساڵ دان. پەرەسەندنی دیاردەی ئیعتیاد لە نێو ژناندا كە پێشتر سەدی ٥ بوو، ئێستا زیادی كردووەو لە سەدی ١٠ نزیك بۆتەوە. بەپێی ئامارە ڕەسمییەكان، هەموو ڕۆژێ هەر نەبێ ٨ كەس لە ئێران بەهۆی ماددەی هۆشبەر گیانیان لەدەست دەدن. جێگری بەڕێوەبەری ستادی بەربەرەكانی لەگەڵ مادە هۆشبەرەكان، ڕۆژی 3ی ڕەشەممەی ٩٣٣ گوتبووی: سەدی ٩٢ی خەڵك مەسەلەی ئیعتیاد بە یەكەمین و جیددیترین زیانی كۆمەڵگا دەزانن‌و بەپێی ئامارەكانیش دەركەوتووە ڕێژەی كەسانی موعتاد لەم وڵاتە ڕوو لە زیاد بوونە. هەر لەم پێوەندییەدا شەهیندۆخت مەولاوێردی، جێگری كاروباری ژنان‌و بنەماڵە، ڕێكەوتی ٥ی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەربەرەكانی لەگەڵ مادەی سڕكەر لە لاپەڕەی فەیسبووكی خۆیدا نووسیبووی: ڕێژەی تووشبوونی ژنان بە مادەی هۆشبەر زۆر بە خێرایی ڕوو لە زیاد بوونە‌و تەمەنی ئیعتیادیش لە نێو كچاندا بە شێوەیەكی سەرسوڕهێنەر دابەزیوە، ڕێژەیەكی زۆر لەم كچانە لە قۆناغی دەبیرستاندا گیرۆدەی ئەم مادانە دەبن." زۆربەی سەرچاوە ڕەسمییەكان پێیان وایە ڕێژەی ژنانی موعتاد سەدی ٩ تا سەدی ١٠ی سەرجەم موعتادەكانی ئێرانە. عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزڵی، وەزیری نێوخۆی ئێرانیش لە مانگی جۆزەردانی١٣٩٣ لە نوێژی هەینیی تاران ڕایگەیاندبوو كە لە ماوەی ٤ ساڵدا ڕێژەی ژنانی موعتاد دوو هێندەی پێشوو زیادی كردووە.