کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆیتێرز: ئێران ٤٠ میلیون بۆشكەی نەوت لە پاپۆڕەكاندا پاشەكەوت كردوە

19:48 - 26 جۆزەردان 2715

ئێران ٤٠ میلیون بۆشكەی نەوت لە پاپۆڕە نەوتهەڵگرەكانذا پاشەكەوت كردوەو خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆكان ئامادە كردوە تا ڕێژەی هەناردەی نەوتی وڵاتەكەی بەرز بكاتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی رۆیتێرز، ئێران نەوتێكی زۆری لە پاپۆڕە نەوتهەڵگرەكاندا پاشەكەوت كردوە كە زۆربەی ئەم نەوتهەڵگرانە سەر بە شیركەتی میللیی نەوتی ئێرانن. ئەم شیركەتە تا ئێستاش لە لیستی گەمارۆكانی یەكیەتیی ئورووپا و ئامریكا دایە. مێهدی وەرزی، كاربەدەستی پێشووی شیركەتی میللیی نەوتی ئێران كە ئێستا وەك ڕاوێژكاری وزە لە بریتانیا کاردەکا، بە هەواڵدەریی رۆیتێرزی ڕاگەیاندوە یەكەم شت دوای هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان كە ئێران دەیكا هەناردەی نەوتێكی یەكجار زۆر بۆ بازاڕەكانی جیهانە. بیژەن نامدار زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێرانیش پێشتر بە ئەندامانی ئۆپێكی گوتبوو كە جێ بۆ نەوتی ئێران بكەنەوە. بە واتایەكی دیكە ئێران ئەم پەیامەی بە بازاڕی جیهانی نەوت ڕاگەیاندوە كە نرخی نەوتی بۆ گرینگ نییە، تەنیا هەناردە نەبێ‌و نەوتەکەی خۆی بە هەر نرخێک بێ دەیفرۆشێ. شیركەتی "ئەی ئی گیبسون" كە لە بواری بەكرێدانی نەوتهەڵگردا چالاكە حەوتووی ڕابردوو ئاشکرای کرد كە ئێران نزیك بە ٣٨ میلیون بۆشكەی نەوتی لە کۆمەڵە پاپۆرێکدا هەڵگرتوە کە ئێستا لە کەنداوی فارسدا لەنگەریان خستوە. شیركەتی "بروتەن و پارتنرێز"یش كە لەم بوارەوە چالاكە دەڵێ ئێران نزیك بە ٤٥ میلیون بۆشكەی نەوت لە ٢٣ پاپۆڕدا پاشەكەوت كردوە.