کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێعدامكرانی زیاتر لە ١٥٠ كەس لە ئێران لە ماوەی ٢ حەوتووی ڕابردوو

07:24 - 27 جۆزەردان 2715

كومیتەی نێودەوڵەتیی دژە ئێعدام ڕایگەیاند كە ڕێژەی ئێعدامەکان لە ئێران زیادی کردوە. كومیتەی نێودەوڵەتیی دژی ئێعدام وێڕای ئاماژە بە ئێعدامكرانی مەنسوور ئاروەند، ئەندامی حیزبی دێموكراتی كوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەڵێ ئاماری ئێعدامەكان لە ئێران ڕوو لە بەرزبوونەوەیە. مەنسوور ئاروەند، مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٠ لە ماڵی خۆی دەسبەسەرو لە لایەن لقی یەكی دادگای شاری مەهاباد بە تاوانی شەڕ لەگەڵ خودا لە ڕێگەی هاوكاریكردنی حیزبی دێموكراتی كوردستان حوكمی ئێعدامی بەسەردا سەپاو ڕۆژی یەکشەممە، ٢٤ ی جۆزەردان حوکمەکەی جێبەجێ کرا. هاوكات لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئێعدامەكان لە ئێران، دەفتەری كومیتەی نێودەوڵەتیی دژە ئێعدام، ڕۆژی دووشەممەی ئەم حەوتوویە ڕایگەیاند كە لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا زیاتر لە ١٥٣ كەس لە ئێران ئێعدام كراون و كۆمەڵێك زیندانیی دیكەش بۆ جێبەجێكردنی حوكمی ئێعدام بۆ ژووری تاكەكەسی گواستراونەتەوە. ئەم كومیتەیە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە كە بە هۆی ئەوەی كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماری ورد و دروستی ئێعدامەكان بڵاوناكەنەوە، ئەم ئامارانە ڕاست نین‌و ژمارەی ئێعدامەكان زۆر لەوە زیاترە كە ڕاگەیەنەكانی ئێران بڵاویان كردۆتەوە.