کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانپێدانانی هاشمیی ڕەفسەنجانی بە كاریگەریی قورسی گەمارۆكان لەسەر ژیانی خەڵک

07:26 - 27 جۆزەردان 2715

کاریگەریی گەمارۆکان لەسەر ئابووریی ئێران هاشمی رەفسەنجانی، سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنت بەرژەوەندیی نیزامیشی وەدەنگ هێنا. هاشمیی ڕەفسەنجانی وێڕای داننان بە كاریگەریی گەمارۆكان گوتی ئەم گەمارۆیانە بڕستیان لە خەڵك بڕیوە. سەرۆكی كۆڕی لێكدانەوەی بەرژەوەندییەكانی نیزام وێڕای ڕەخنە لە کارو کردەنییەکانی باڵی پاوانخوازی حكومەت دەڵێ، واز لەو دروشمە بێ نێوڕۆكانە بێنن‌و پێداچووبەوە بە مامەڵەو ڕەفتارتان لەگەڵ کۆمەڵگای جیهانیدا بكەن. هاشمیی ڕەفسەنجانی لە ڕێوڕەسمی پەردە لادان لەسەر كتێبی مێژووی ئێران گوتی هێندێك کەس‌و لایەن قسەی سەیرو سەمەرە دەكەن‌و دەلێن ئێمە لە سایەی گەمارۆکانەوە دەمانهەوێ دەستمان بە زانست ڕابگا، ئەمە لە حاڵێكدایە كە گەمارۆكان بڕستیان لە خەڵك بڕیوەو زۆربەی خەڵك بە تایبەت ئەوانەی مووچەخۆرن گەمارۆكان پشتی شکاندوون. ناوبراو گوتی، ئەم قسانە داوا و قسەی خەڵك نییە، قسەی هێندێك كەسە كە تریبۆن و هێزیان هەیەو گوێیان لە خەڵک نییە. حەسەن ڕوحانی سەرۆک کۆماری ئێرانیش دوو ڕۆژ لەوە پێش لە سەفەر بۆ بوجنورد گوتبووی ئەم كەسانەی ئیدیعا دەكەن گەمارۆكان گرینگییان نییە، وادیارە ئاگاداری ژیان و گیرفانی خەڵك نین. شایانی باسە کاردانەوەو وەدەنگ هاتنی سەرۆک کۆمارو سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام لە حاڵێکدایە كە مەحموود ئەحمەدی نژاد، كە زۆربەی گەمارۆكان لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی ناوبراودا خرایەسەر ئێران، بڕیارنامەكانی شورای ئەمنیەت و گەمارۆ جیهانییەكان، ئامریكا و یەكیەتیی ئورووپا دژی ئێرانی بە شڕەکاغەز ناودەبردو خامنەییش بەرگریی لە ناوبراو دەکرد. عەلی خامنەیی ئێستاش ئیدیعا دەکا كە گەمارۆكان نێعمەتی خودان دەبنە هۆی گەشەی ئێران.