کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیام ::: بە بۆنەی سالرۆژی دامەزرانی رادیو دەنگی کوردستان

15:30 - 27 جۆزەردان 2715

ئەمرۆ ٢٧ی جۆزەردانی ١٣٩٤، رادیۆ دەنگی کوردستان پێدەنێتە سی و پێنجەمین ساڵی تەمەنی خۆی. بەم بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان پێشکێشی خەڵکی بە ئەمەگی کوردستان‌و، کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان‌و، هۆگرانی ئەم رادیۆیەو، بە تایبەتی هاورێیانمان لە رادیۆ دەنگی کوردستان دەکەین و سەرکەوتنی هەرچی زیاتریان لە بەرێوەبردنی ئەرکە پیرۆزەکانیان‌دا، بۆ بە ئاوات دەخوازین. رادیۆ دەنگی کوردستان لە کاتێکدا دامەزرا کە گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی نیشتمانەکەی خۆی‌دا، قۆناغێکی دیکەی لە خەبات بە دژی کۆنەپەرستی دەست پێ‌کردبوو؛ خەبات بە دژی رێژیمێک کە دوای شۆرشی گەلانی ئێران‌و، رووخانی رێژیمی پاشایەتی، جڵەوی دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتبوو، شێوەیەکی دیکەی لە سەرەرۆیی‌ و دواکەوتوویی بە سەر وڵاتدا زاڵ‌کردبوو. رێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو هەر زوو دەستی کرد بە سەرکوت و قەڵت‌وبڕی ئازادیخوازانی کورد و هێرشێکی بەربڵاوی نیزامی و تەبلیغاتی بۆ کوردستان وەڕێخست‌و، شەڕێکی نابەرامبەری بەسەر گەلی کورد داسەپاند. لەو هەلومەرجەدا حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان هاتە سەر ئەو باوەڕە کە وێڕای بەرگری چەکدارانە لە خەڵک و خاکی کوردستان دەبێ لە بواری تەبلیغاتیش‌دا لە دژی کۆنەپەرستی خەبات بکاو، وێڕای پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی کۆماری‌ئیسلامی‌و، گەیاندنی هەواڵ و زانیاری سەبارەت بە خۆڕاگری خەڵک و پێشمەرگەی کوردستان، لەباری فکریشەوە گەلی کورد بۆ بەرخۆدان و خەباتێکی بەربڵاو و شوێندانەر ئامادە بکا. هەربۆیە دامەزرانی رادیۆ دەنگی کوردستان لە جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٩دا، وڵامێک بوو بە پێویستیەکی هەنووکەیی ئەوکاتی جوڵانەوەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. رادیۆ دەنگی کوردستان هەر زوو لە دڵی خەڵکی کوردستان جێی‌گرت‌و، بووبە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بۆ وەرگرتنی زانیاری راست و دروست سەبارەت بە خەبات و بەرخۆدانی ڕۆلەکانی گەلی کورد لە ڕیزەکانی حیزبی دێمۆکڕات‌و، هەروەها خۆڕاگری خەڵکی خەباتگێڕی رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم رادیۆیە لە ماوەی تەمەنی خۆیدا سەڕەڕای زۆر تەنگ‌وچەڵەمە و کەندوکۆسپی سەر رێگای‌، توانیویەتی بە ئیمکاناتێکی زۆر کەم و بە هەوڵ و تێکۆشانی بێوچانی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و کارگێڕانی‌، ئەرکەکانی خۆی بەجێ‌بگەیێنێ‌و، وەک زمانحاڵی ئەو حیزبە و جوڵانەوەی حەقخوازانەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی نیشتمانەکەمان، خۆی پێناسە بکا. زۆر پێویستەو، ئەرکە لە سەرمان کە لەم بۆنەیەدا یادێک بکەینەوە لە دامەزرێنەرانی رادیۆ دەنگی کوردستان، بە تایبەتی ڕێبەری هەمیشە زیندوو، د. قاسملو کە نەخشێکی بەرچاوی لەو هەنگاوە گەورەیەدا هەبوو، هەروەها کارگێڕانی ئەو دەم هەتا ئێستای رادیۆ دەنگی کوردستان؛ سڵاو بنێرین بۆ گیانی پاکی ئەو هاوڕێ لەدەستچوانەی کە لەم رادیۆیەدا خزمەتیان کردوەو، دەستخۆشی لەم کادر و پێشمەرگانە بکەین کە لە سەرەتای دەست بە کاربوونی رادیۆ دەنگی کوردستان‌و، لە قۆناغە جیاجیاکاندا، لە کارەکانی ئەم رادیۆیە و پاراستنی‌دا هەوڵ‌و ماندوویەکی زۆریان بە گیان کڕی‌و، سەرکەوتنی هەرچی زیاتری ئەو هاورێیانی کە ئێستا لەو سەنگەرەدا خزمەت دەکەن، بە ئاوات بخوازین. پیرۆز بی ٣٥ مین ساڵرۆژی دامەزرانی رادیۆ دەنگی کوردستان، دەنگی حەق‌بێژی جوڵانەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ٢٧ی جۆزەردانی ١٣٩٤ ١٧/٦/٢٠١٥