کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی تێکۆشەرێکی دێرینی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ئەمریکا

17:05 - 30 جۆزەردان 2715

کاک سەید رەسووڵ حەسەنزادە، ناسراو بە " سەید ڕەسووڵی ورچان"، ئەندام‌و تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆچی دویی کرد شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی، ٢٩ ی جۆزەردان لە ئەیالەتی ئێرزۆنای ئەمریکا، سەید ڕەسووڵی ورچان، تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان ماڵئاوایی لە گەل و نەتەوەکەی کرد. کاک سەید رەسوڵی حەسەنزادە ناسراو بە سەید رەسوڵی وەرچان لە بنەماڵەیەکی خۆشناو لە گوندی سەرچناری ناوچەی مەهاباد لە دایک بوو، ناوبراو هەر زۆر زوو و لە تافی لاوەتیدا هەستی بە زوڵم و زۆرداری حکوومەتی پەهەلەوی کرد و بوو بە لایەنگر و ئەندامی حیزبی دیموکڕاتی کوردستان و پاش ئاشکرا بوونی لە ساڵەکانی دەیەی ٤٠ی هەتاوی دا، بۆ خۆ دەرباز کردن لە چنگ دامودەزگا سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی حەمەرەزاشا، ناچار زێد و وڵاتی خۆی جێهێشت و ڕووی لە باشووری کوردستان کردو بە رەسمی هاتە ناو ڕێزی پێشمەرگەی حیزب. ناوبراو یەکێک لەو تێکۆشەرانی دیموکڕات بوو کە لە جوڵانەوەی ساڵەکانی ٤٦-٤٧ ی هەتاویدا دەورێکی کاریگەری گێڕا و چەندین جار لە قووڵاتی خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا لە چالاکییەکانی ئەو سەردەمە دا بەشداری کرد. ناوبراو هەروەها یەکێک لەو پێشمەرگانەی دیموکڕات بوو کە چالاکانە بەشداری شۆڕشی ئەیلول کرد و لە مەیدانەکانی نەبەردا گیانبازی لە خۆی نیشاندا. پاش روخانی رێژیمی پاشایەتی کاک سەید رەسووڵ گەڕاوە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە رێزی پێشمەرگەکانی هێزی پێشەوادا دەستی بە تێکۆشان کرد و بۆماوەیەک بوو بە فەرماندەی لکی دووی هێزی پێشەوا و هەر وەک فەرماندەی ئەو لکەش بۆ ماوەی چەند مانگ لە ناوچەی سوما و برادۆست خزمەتی کرد، بەڵام پاش چەندین ساڵ خەبات سەرئەنجام بە هۆی چوونەسەری تەمەن و لەسەر ئیزنی حیزب رێگای هەندەرانی گرتە بەر و وەک پەنابەر لە وڵاتی ئەمریکا نیشتە جێ بوو. ناوبراو تا ئاخرین چرکە ساتی ژیانی هەر وەفاداری ئامانجەکانی حیزبەکەی و ڕزگاری گەل و نیشتمانەکەی بوو. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەو بۆنەیە سەرەخۆشی لە بنەماڵەو کەسوکاری سەید ڕەسووڵ دەکاو خۆی بە بەشداری خەمیان دەزانێ.