کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شه‌هید مه‌نسوور ئاروه‌ند: با فێر بین منداڵەکانمان وەک مەنسوور بار بێنین

17:15 - 30 جۆزەردان 2715

دوای ئەوەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی یەکشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ١٣٩٤، مەنسوور ئاروەند چالاکی سیاسی‌و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان لە بەندیخانەی میاندواو لە سێدارە دا، ئامادە نەبوون تەرمی ئەو شەهیدە رادەستی بنەماڵەکەی بکەنەوە یان گۆڕەکەی پێشان ئەوان بدەن. لەم بارەوە دایکە خەدیجە دایکی شەهید مەنسوور ئاروەند هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی نواند و رایگەیاند کە: "با تەرمی مەنسووریشم نەدەنەوە، گرینگ نییە، گرینگ ئەوەیە مەنسوور لە ئامێزی خاکی نیشتمانەکەی و لە دڵی هەموو خەڵکی کوردستاندا ئارامی گرتووە، ئەو کوردستانەی هەموو ژیان و نەسرەوتنی بۆ ئەو بوو..." لە لایەکی دیکەوە، بە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئیعدامی ئەو تێکۆشەرە کوردە، خەڵکی مەهاباد پۆل پۆل بە مەبەستی دەربڕینی پرسە و هاوخەمی سەردانی بنەماڵەی "ئاروەند"یان لە گەڕەکی گومرگی شاری مەهاباد کرد. دایە خەجیج لەوێش قسەی بۆ ئامادەبووان کرد و باسی لە قارەمانی و جوامێری کوڕەکەی کرد. روو بەوانەش کە لە پرسەکەیدا دەگریان، ئیعدامی شەهید مەنسووری وەک ئازادیی ئەو لە زیندان پێناسە کرد و گوتی: "بۆ دەگرین؟! خۆ کوڕەکەم ئازاد بوو لەو زیندانە! بڵاوەی بکەن... فێر بن منداڵەکانتان وەک مەنسوور بار بێنن. سوکناییم هاتێ کە گوتیان لەسەر مافی کورد لە سێدارە درا! مەنسوور خۆ چاوی لەو رۆڵە جوانانەی دیکە ڕەشتر نەبوو." لە لایەکی دیکەوە سیروان ئاروەند، برای شەهید مەنسوور ئاروەند لە لێدوانێکدا بۆ راگەیاندنەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەروا بە ورەی بەرزەوە باسی لە شەهیدبوونی مەنسوور کرد و گوتی؛ کورد بە ئێعدامی ڕۆڵەکانی بە چۆک‌دا نایەو لە داواو مافەکانی پاشگەز نابێتەوە. سیروان باسی لە هاوخەمیی بەرینی خەڵکی مەهاباد و شارەکانی دیکەی کوردستان لەم کۆستەی بنەماڵەکەی و خەڵکی مەهاباد و رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و گوتی؛ "سەرەڕای فشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان‌و ئەو زەبرو زەنگەی خستوویانەتە سەر بنەماڵەکەم، بەڵام هاوسۆزی‌و هاوخەمیی خەڵکی مەهاباد‌و شارەکانی دیکەی کوردستان لەگەڵ بنەماڵەکەمان کەم وێنەو چاوەڕواننەکراو بووە." لە پەیامێکیشدا کە بنەماڵەی شەهید مەنسوور بۆ کۆڕی پرسە و سەرەخۆشیی ئەو شەهیدە لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان ناردبوو، ئەو وەسیەتەی شەهید مەنسوور دەسپێکی پەیامەکەیان بوو کە: "کەس کۆڕی ماتەمینی نەگێرێ لە پشت من، کەس جلی رەش لەبەر نەکا و فرمیسک نەڕێژێ، تا دوژمن پێمان خۆش نەبێ.