کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی هاوکاری حیزبە کوردستانیەکان لە بریتانیا خۆپێشاندانێکی بەبۆنەی ئیعدامی مەنسوور ئاروەند ڕێکخست

21:26 - 1 پووشپەڕ 2715

ڕۆژی شەممە رێکەوتی ٢٠ی جونی ٢٠١٥ کۆمیتەی هاوکاری حیزبە کوردستانیەکان بەهاوکاری رەوەندی کورد لە بریتانیا کاتژمێری ٣ی پاشنیوەرۆ بە کاتی لەندەن، بە مەبەستی مەحکووم و شەرمەزار کردنی ئێعدامی تێکۆشەری کورد و ئەندامی چالاکی حیزبی دیموکراتی کوردستان مەنسوور ئاروەند، خۆپێشانێکیان لە ترافلگارد سکوێر ڕێکخست. لەو خۆپێشاندانەکەدا کە کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردستانیانی دانیشتووی لەندەن و دەروبەری تێیدا بەشدار بوون، چەندین سرودی شورشگێری پێشکەش کران. ئالای کوردستان و وینەی شەهید مەنسوور و بەشێکی دیکەی زیندانیانی سیاسی ناو چاڵەڕشەکانی ڕژیمی ئیسلامی ئێران، گۆرەپانی ترافلگارد سکوێری ڕازاندبووەوە و سەرنجی ڕێبوارانی ئەو گۆڕەپانەی بەلای خۆیدا ڕاکێشابوو. لە درێژەی چالاکییەکە دا و بە مەبەستی هەرچی زیاتر ناساندنی ئەو کردەوە دژی ئینسانییەی ڕژیم، دەیان بەیاننامەی کۆمێسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، پەیوەندیدار بە ئێعدامی ئەو تێکۆشەرەی کورد کە وەرگێڕدرابووەوە سەر زمانی ئینگلیسی لە نێو گەشتیارانی بێگانە و ڕێبوارانی گۆڕەپانی بەناودەنگی ترافلگارد سکوێر دا بلاوکرایەوە. ڕیبوارانی ئەو گۆڕەپانە پۆل پۆل لە خۆپیشاندەران نزیک دەبوونەوە و سەبارەت بە وێنەکان و هۆکاری خۆپیشاندانەکە پرسیاریان دەکرد و پاش وەرگرتنی ئاگاداری پێویست، پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپیشاندەران نیشان دەدا. گرینگی ئەو خۆپیشاندانە لە وەها ڕۆژێک دا ئەوە بوو کە جگە لە ڕێژەیەکی یەکجار زۆری گەشتیاری ناوخۆیی و دەرەوە کە بەو شەقام و گۆڕەپاندا تێپەڕ دەبوون، بوونی فستیڤاڵیکی گەورە بوو لە نزیک شوێنی خۆپێشاندانەکە و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە هەزاران کەس لەو خەڵکە بە پیر بانگەوازی هاوڕێیانمانەوە بێن و پشتیوانی و پشتگیری خۆیان بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕن و هاوکات بە مەحکووم کردنی ئێعدامی تێکۆشەری کورد مەنسوور ئاروەند، ڕق و بێزاری توندی خۆیان دژ بە ڕژیمی کۆنەپەرست و تێرۆریستی ئیسلامی ئێران نیشان بدەن. پێویست بە گووتنە کە بە هۆی حەشیمەتی زۆر و قەڕەباڵغی ئەو گۆڕەپانەوە، بەشێک لە بەرنامە دیاری کراوەکانی خۆپیشاندانەکە وەک خۆی بەڕێوەنەچوو.